هێرشێکی ترەمپ بۆ سەر ئەو خۆپێشاندەرانەی دژایەتی دەکەن ناڕەزایەتی گەورەی لێدەکەوێتەوە

19-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ لە ئەمریکا نزیکەی 7 ملیۆن کەس خۆپێشاندانیان دژی سەرۆکی ئەمریکا و سیاسەتەکانی ئیدارەکەی دەستپێکرد. سەرۆکی ئەمریکا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە تێیدا بە فڕۆکە پاشماوە و شلەمەنی بەسەر خۆپێشاندەراندا دەڕێژێت، ئەمەش ناڕەزایەتی گەورەی لێکەوتەوە. 
 
دوێنێ، لە دوو هەزار و 500 شاری ئەمریکا لانیکەم 7 ملیۆن کەس رژانە سەر شەقامەکان و دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سیاسەتەکانی خۆپێشاندانیان کرد. ئەوان دروشمی "نا بۆ پاشا"یان بەرزکردووەتەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا وەکو پاشا مامەڵە دەکات.
 
زۆرینەی ئەوانەی خۆپێشاندانیان دەکرد لەو ویلایەتانە بوون، کە زۆرینەی دیموکراتن، لەوانە ئیلینۆی، کالیفۆرنیا و چەندانی دیکە. ئەوان دژی ناردنی پاسەوانی نیشتمانی و هێزی ئەمنی زیاتر بوون لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ دەستگیرکردنی "کۆچبەرانی نایاسایی" و دیپۆرتکردنەوەیان. هەروەها دژایەتی ئەو دەسەڵاتەیان دەکرد کە سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی پەیڕەوی دەکەن، لەوانە بە گوتەی ئەوان سنووردارکردنی ئازادی رادەربڕین. 
 
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەشێکی کۆنگرێسمانە دیموکراتەکان خۆپێشاندەرانیان بە گردبوونەوەی "رق بەرامبەر ئەمریکا" وەسفکرد. 
 
تەنانەت شاون دوفێ، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا خۆپێشاندەرانی بە پاڵپشتیکاری حەماس و وەرگرتنی پارە بۆ پاڵپشتی بزووتنەوەی ئەنتیفا تۆمەتبار کرد. بزووتنەوەکە تایبەتە بە دژایەتیکردنی فاشیزم و ئیدارەی ترەمپ بە پاڵپشتیکاری "تیرۆر" لە ناوخۆی ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات. 
 
وەکو کاردانەوەیەک دژی خۆپێشاندەران، دوێنێ بە کاتی ئەمریکا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڤیدیۆیەکی دروستکراو بە ژیریی دەستکردی بڵاوکردەوە. 
 
لە ڤیدیۆکەدا ترەمپ لە نێو فڕۆکەیەکی جەنگیدایە و لەسەری نووسراوە "پاشا". لەوێدا ترەمپ پیسایی و شلەمەنی بەسەر خۆپێشاندەراندا بەردەداتەوە، بەشێکیان لە گۆڕەپانی تایمزن لە شاری نیویۆرکی زۆرینە دیموکرات. 
 
دواتر سەرۆکی ئەمریکا بە ژمارەیەک ڤیدیۆی دیکەی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد دژایەتی خۆپێشاندەرانی کرد و خۆی وەکو پاشا پیشاندەدا. 
 
هەروەها جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی کۆمارییەکان دیمەنی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی دیموکراتەکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا کڕنووش بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەبەن. ئەو ڤیدیۆیەش بە ژیری دەستکرد دروستکراوە. 
 
بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنانە و ڤیدیۆکان لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، ناڕەزایەتی گەورەی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، بەتایبەت لەنێو لایەنگرانی دیموکراتەکان و هێرشێکی زۆریان کردە سەر ترەمپ. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە