رووداو دیجیتاڵ
وادیارە کاریگەرییەکانی نزیکبوونەوەی چین لە وڵاتانی عەرەبی، ئێرانی زۆر نیگەران کردووە. دوو هەفتە دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی چین و وڵاتانی عەرەبی، ناڕەزاییەکانی ئێران بەرامبەر هەڵویستەکەی چین زیاتر دەردەکەوێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئێمە لەو کەشوهەوایەی هاوکارییەکاندا چاوەڕوانیمان نەبوو راگەیێندراوی ساڵی 2014 لەبارەی ئەو دوورگانەی خاوەندارێتیی مێژووییان دەگەڕیتەوە بۆ ئێران، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە و چیندا کۆپی پەیست و دووبارە ببێتەوە. ئێمە نیگەرانی و ناڕەزایی خۆمان لە کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بەشێوەی فەرمی و بە ناردنی یاداشتی فەرمیش بە لایەنی چینی راگەیاندووە."
مەترسییەکانی نزیکبوونەوەی چین لە وڵاتانی کەنداو و پڕۆژە ئابوورییەکانی لە درێژخایەندا لەلایەک، ئەوەی زیاتر ئێرانی نیگەران کردووە، باسکردنی سێ دوورگەی تومبی بچووک، تومبی گەورە و ئەبومووسان کە لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی چین و ئەنجوومەنی کەنداودا هاتبوو، ئێران و ئیمارات لە رێگەی یاسا نێودەوڵەتییەکان کێشەکانیان لەسەر ئەو دوورگانە چارەسەر بکەن.
لەنێو بازنەی رێبەری ئێرانیشدا هەست بە مەترسی و دڵەراوکێ کراوە. کەمال خەڕازی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژیی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئێرانە دەڵێت: چین هەڵەیەکی کردووە و داوا دەکات هەڵەکەی قەرەبوو بکاتەوە و هەڵەی دیکەی لەم جۆرەش دووبارە نەکاتەوە.
راوێژکارەکەی رێبەری ئێران دەڵێت: "ئەم هەڵەیە هاوشێوەی ئەوە بوو کە ئێمەش بێین و لەسەر دۆخی تایوان کە بەشێکە لە خاکی چین بۆچوونمان دەربڕین، ئەمەش جێگەی دڵخۆشیی چینییەکان نابێت. هیوادارین هەڵەی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و هیوامان هەیە بە تەواوی قەرەبوو بکرێتەوە."
لەکاتێکدا ئێران رێککەوتنی 25 ساڵەی ئابووری لەگەڵ چین هەیە و تاران پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، چین دەیان رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودیە واژۆ کرد. دەوڵەمەندی ئەو وڵاتانە و پەیوەندیی ئاساییان لەگەڵ دەرەوە، هەبوونی گەمارۆی ئابووری لەسەر ئێران و کێشەی زۆر لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا وایکردووە کە ناهاوسەنگییەک دروست ببێت و دەرفەتی وڵاتانی عەرەبی زۆر لەبارتر و فراوانتر بێت بۆ زلهێزە ئابوورییەکان کە لەو وڵاتانە وەبەرهێنان بکەن. ئەمەش خاڵێکی دیکەیە ئێرانی لە درێژخایەندا نیگەران کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ