رووداو دیجیتاڵ
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەڵێت، ململانێی چەکداری گەورەترین مەترسی و هەڕەشەی سەر عێراقە؛ کەمبوونەوەی ئاو و کورتهێنانی وزە و پاشەکشەی ئابووریش هەڕەشەکانی دیکەن.
رۆژی 15-01-2025 کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆسی سویسرا راپۆرتی (مەترسییە جیهانییەکان)ـی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکە پێنج گەورەترین مەترسی کە هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتانی جیهان ریزکراون.
لە راپۆرتەکە، مەترسی و هەڕەشەکان بە "روودانی رووداوێک یان دروستبوونی بارودۆخێک کە ئەگەر رووبدات و دروستبێت، ئەوا کاریگەری لەسەر گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی، ژمارەی دانیشتووان یان سەرچاوە سروشتییەکان دەکات،" پێناسە کراوە.
عێراق
لە راپۆرتەکە ململانێی چەکداری بە گەورەترین مەترسی و هەڕەشە لەسەر عێراق دانراوە. ململانێی چەکداری بە "جەنگی نێوان وڵاتان، شەڕی نێوخۆ، شەڕی بریکاری یان بە وەکالەت، کودەتا و تیرۆر" وەسفکراوە.
پاشەکشەی ئابووری، کەمبوونەوەی ئاو، لاوازیی کەرتی وزە و کەمی کارەبا، هەروەها تاوان و چالاکیی نایاسایی ئابووری هەڕەشەکانی دیکەی سەر عێراقن.
ئێران
مەترسییەکانی سەر ئێران بەمشێوەیە ریزکراون: هەڵاوسان، کەمبوونەوەی ئاو، ململانێی چەکداری، پاشەکشەی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی ئابووری جوگرافی، کە خۆی لە پێناسەی گومرگی و سزا ئابوورییەکان دەبینێتەوە.
تورکیا
ریزبەندییەکەی تورکیا زیاتر پەیوەندیی بە ئابوورییەوە هەیە؛ لە ژمارە یەک هەڵاوسان دانراوە و ئینجا هەریەک لە کۆچی زۆرەملێ، پاشەکشەی ئابووری، هەژاری و نادادپەروەریی داهات و کورتهێنانی دەستی کاری بەهرەدار، دێن.
سووریا
سەبارەت بە سووریا، دۆخەکە دوای گۆڕانکاریی دەسەڵات لەو وڵاتە رێگە بەوە نادات ئێستا مەترسییەکان بخرێنەروو، بەڵام بەپێی راپۆرتەکە ئەو وڵاتە کەوتووەتە بەرامبەر مەترسیی ئابووری، سیاسی و ئەمنی.
کۆڕبەندەکە کە لە رۆژانی نێوان 20 تاوەکو 24 کانوونی دووەمی 2025 دەکرێت، دروشمی ئەم ساڵی "هاوکاری لە سەردەمێکی ژیر"ـــە. بڕیارە نزیکەی سێ هەزار سەرکردە لە زیاتر لە 130 وڵات لە داڤۆس کۆببنەوە، چاوەڕێ دەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئۆنڵاین بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ