پۆلیسی هیندستان: 11 کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ پاکستان دەستگیرکران

20-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیاکانی هیندستان لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە بڵاویانکردەوە، پۆلیس لە سێ ویلایەتی جیاوازدا 11 کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ پاکستان دەستگیرکردووە.
 
بەگوێرەی میدیاکانی هیندستان، کە زانیارییەکانیان لە بەرپرسانی وڵاتەکەوە وەرگرتووە، لە ویلایەتەکانی هەریانا، پونجاب و ئۆتار پرادێش، پۆلیس 11 کەسی بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن" بۆ پاکستان دەستگیرکردووە.
 
دوێنێ، گاوراڤ یاداڤ، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پونجاب، رایگەیاند کە دوو کەسیان دەستگیرکردووە "بە تۆمەتی تێوەگلان لە دزەپێکردنی زانیاریی هەستیاری سەربازی." ناوبراو گوتیشی، "زانیاریی پشتڕاستکراوە هەن کە ئەو دوو کەسە زانیارییان لەبارەی هێرشەکانی رۆژانی 6 و 7ی ئەم مانگەی هیندستان بۆ سەر پاکستان، داوەتە بەرپرسانی پاکستانی."
 
یاداڤ ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکانیان دەریانخستووە کە پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەو دوو دەستگیرکراوە و دەزگای هەواڵگریی پاکستاندا هەبووە.
 
بەشێک لە دەستگیرکراوەکان خەڵکی ویلایەتی هەریانان، کە یەکێکیان ئافرەتە. پۆلیسی ویلایەتەکە رایگەیاندووە، ئەو ئافرەتە چەند جارێک سەردانی پاکستانی کردووە و پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی پاکستان لە نیودەلهی، پایتەختی هیندستان، هەبووە.
 
گرژییەکان لەنێوان هیندستان و پاکستاندا دوای هێرشەکەی رۆژی 22ی نیسان، بۆ سەر ژمارەیەک گەشتیار لەو بەشەی هەرێمی کشمیر کە لەژێر کۆنترۆڵی هیندستاندایە، سەریانهەڵدایەوە. ئەمەش دوای ئەوە بوو کە بەرپرسانی نیودەلهی، ئیسلامئابادیان بە پاڵپشتیکردنی ئەو چەکدارانە تۆمەتبارکرد کە هێرشەکەیان ئەنجامدابوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوە جیاوازەکانی بەرپرسانی هەردوو وڵات، لە ئەنجامی پێکدادان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەدا، نزیکەی 60 کەس لە هەردوولا کوژراون.
 
هەرێمی کشمیر دەکەوێتە نێوان وڵاتانی چین، پاکستان و هیندستان. نزیکەی 55%ی خاکەکەی لەژێر کۆنترۆڵی هیندستاندایە، 35% لەژێر کۆنترۆڵی پاکستاندایە، و 10%یشی لەژێر کۆنترۆڵی چین دایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە