رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ، لە تبلیسیی پایتەختی جۆرجیا، کۆنفرانسی کارسازانی جۆرجیا-کوردستان بە بەشداریی زیاتر لە 50 کارساز و بازرگان لە جۆرجیا، ئەرمینیا، کازاخستان، تورکیا، باشوور و رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت. ئامانجی کۆنفرانسەکە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانە لەنێوان هەرێمی کوردستان و جۆرجیا دا.
سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی کارسازانی کورد و جۆرجی، ئۆتاری نادرییان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو کە لەلایەن نالین حەسەنەوە پێشکێش دەکرێت، رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە کارسازانی جۆرجی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و کار بکەن.
نادرییان، ئاماژەی بەوەدا کە بازرگانانی جۆرجیا بەتایبەتی گرنگی بە بازاڕی کوردستان دەدەن و گوتی، "کارساز و بازرگانانی جۆرجیا دەیانەوێت کەلوپەلی جۆرجی بهێننە نێو بازاڕی کوردستانەوە."
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە نادرییان خستوویەتیەڕوو، لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 8 هەزار بۆ 11 هەزار هاووڵاتیی جۆرجی لە کەرتە جیاوازەکاندا کار دەکەن، بەتایبەتی لە بوارەکانی هۆتێل، چێشتخانە و بیناسازیدا.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی کارسازانی کورد و جۆرجی جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەن هەموو ئاسانکارییەک پێشکەشی ئەو کارساز و بازرگانە کوردانە بکەن کە دەیانەوێت لە جۆرجیا کار بکەن و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.
ئۆتاری نادرییان، هەروەها باسی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و گەشتیارییەکانیش کرد و گوتی، "زۆرێک لە کوردی ئێزدی لە جۆرجیا هەن کە دەیانەوێت سەردانی پەرستگەی لالش بکەن." ئەو ڕوونیکردەوە کە وەک کۆمەڵە هەوڵ دەدەن بۆ وەرگرتنی ڤیزا ئاسانکاری بکەن و گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لەنێوان تفلیسی پایتەختی جۆرجیا و هەولێردا رێکبخەن.
لە جۆرجیا نزیکەی 10 هەزار کورد دەژین، هەرچەندە لە سەردەمی سۆڤیەتدا ژمارەیان نزیکەی 40 هەزار کەس بوو. لە رووی ئایینییەوە زۆرینەیان کوردانی ئێزدیین، بەڵام کۆمەڵێکی بچووکی مەسیحیشیان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ