نوێنەری هەرێمی کوردستان: ئیتاڵیا داوا لە سەرۆک بارزانی دەکات هاوکار بێ بۆ گەڕانەوەی ئاشتی

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
سەرۆک مەسعود بارزانی و پاپا لیۆی چواردەیەم
سەرۆک مەسعود بارزانی و پاپا لیۆی چواردەیەم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ وڵاتەکە دەڵێ، ئیتاڵییەکان رۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ گەڕانەوەی ئاشتی بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستان بە ئەرێنی دەزانن و پشتیوانی لە نێوەندگیرییەکەی دەکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە (21-1-2026)، سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی ڤاتیکان و رۆمای پایتەختی ئیتاڵیای کرد و جیا لە پاپا لیۆی چواردەیەم، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیتاڵی کۆبووەوە. 
 
رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا کە لە کۆبوونەوکانی سەرۆک بارزانیدا بەشدار بوو، قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو کرد بۆ ڤاتیکان و رایگەیاند، ''یەکەم جارە جەنابیان وەک سەرکردەیەکی کورد سەردانی ئیتاڵیا دەکات و پاپای نوێ دەبینێت، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی هەرێمی کوردستان و برا مەسیحییەکانی بکات''.
 
رێزان حەمەساڵح ئاماژەی بە داواکارییەکی سەرۆک بارزانی کرد لە پاپای ڤاتیکان، بۆ پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان کە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە هێرشی دەکرێتە سەر و گوتی، ''بێگومان کاتێک دەڵێین ڤاتیکان، وا دەزانین دەوڵەتێکی زۆر بچووکە، بەڵام ڤاتیکان هێزی ملیاران مەسیحیی لەگەڵدایە. بۆیە بێگومان پشتیوانیکردنی ڤاتیکان و پاپا بۆ پرسی کورد و ئاسایشی ناوچەکە. زۆر پێویستە.''
 
بەگوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانیدا، لە ڤاتیکان و ئیتاڵیا ''وەک سەرکردەی گەلی کورد و ئەو کەسەی کە ئاشتی و ئازادی لە ناوچەکە بەرقەرار دەکات، سەیری کرا. هەر بۆیە سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان داوای لە سەرۆک بازرانی کرد، کار بۆ ئەوە بکات ئەو [پێکەوەژیانەی] لە کوردستان هەیە، لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بەرقەرار بکرێ.''
 
سەرۆک بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش کۆبووەوە. رێزان حەمەساڵح دەڵێت، ''ئەوانیش وەک ئێمە ئاگاداری دۆخی ناوچەکە بوون، لەسەر سووریا و ئێران، پشتیوانی لە جەنابی سەرۆک دەکەن بۆ ئەو پڕۆسەیەی ئاشتی کە دەستی داوەتێیە. دەزانن جەنابیان خەریکە نێوەندگیری دەکات و بە هیچ جۆرە نایەوێت ئەم شەڕە (لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان) ببێتە شەڕی عەرەب و کورد.''
 
بەگوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، ئیتاڵییەکان پشتیوانیی نێوەندگیریی سەرۆک بازرانی دەکەن و ''داواشیان لێ کرد تەنیا کەسێک کە بتوانێت لەوبارەوە کار بکات و پشتیوانیی هەموو لایەکی لەگەڵ بێ، ئەوە جەنابی سەرۆکە.''
 
هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعشی بەهێز کردووە. رێزان حەمەساڵح باسی لەوە کرد، لە بەشێکی کۆبوونەوەکاندا لە ئیتاڵیا باس لە مەترسییەکانی داعش کراوە، ''ئەو زیندانییانەی داعش کە ئازاد کراون یان دەرگەی ئەو زیندانانەی شکێنراون، مەترسییەکی زۆر گەورەی هەیە بۆ سەر ناوچەکە و ئەورووپا.''
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ئەوەشی خستەڕوو، ئیتاڵییەکان نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش دەربڕیوە و دەیانەوێت هاوکار بن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئاشتی بگەڕێتەوە ناوچەکە، ''بۆیە بەتایبەتی داوا لە سەرۆک بارزانی کرا هاوکار بێ کە جارێکی دیکە دۆخی سووریا رێکبخرێتەوە و هەرچی لە توانایدا بێ، بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی بیکات.''
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکانی سەرۆک بارزانیدا لە ئیتاڵیا و ڤاتیکان، دۆخی سیاسی و دواپێشهاتەکانی عێراق، ناوچەکە و هەڕەشەکانی سەر داهاتووی ناوچەکە، بەتایبەتی سووریا، تاوتوێ کران. هەروەها پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤاتیکان و ئیتاڵیا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە