لەنێو پاکێجی پێنجەمی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا 32 بەرپرس و دوو دامەزراوەی ئێرانی هەن

21-02-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
ئاڵای یەكێتیی ئەوروپا
ئاڵای یەكێتیی ئەوروپا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی 27 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا جارێکی دیکە کۆبوونەوە، مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، دۆخی ئەفغانستان، شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و سەپاندنی سزای نوێ بوو بەسەر ئێران.
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "پاکێجێکی نوێ و گرنگی سزاکان دژی ئێران دەسەپێنین کە بەرپرسە لەو شتانەی لە رۆژانی دواییدا روویدان، لەوانەش سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و بەکارهێنانی سزای مەرگ."
 
وەزیری دەرەوەی سوێد لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دا دەڵێت، گرنگە ئەو پاکێجە نوێیەی سزا بەسەر ئێراندا پەسند بکرێت. تۆبیاس بیلستروم، وەزیری دەرەوەی سوێد بە رووداوی گوت، "ئێمە بڕوامان وایە پێویستە پاکێجێکی نوێی سزاکان بسەپێندرێت کە پێنجەم پاکێجە، بڕوامان وایە دەتوانین ئەم کارە بکەین و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت."
 
ئەو پاکێجەی سزا بەسەر ئێران لە لایەن ژۆن ئاسلبۆرن، وەزیری دەروەی لۆکسمبورگ ئامادەکراوە، لەوبارەوە دەڵێت، "ئەوەی لەبارەی ئێرانە، ژمارەیەک کەسایەتین دەخرێنە نیو لیستی گەمارۆکان؛ دادوەرن، کارمەندانی گرتووخانەکانن، پەرلەمانتارەکانن. جارێ ناوەکان ناڵێم، چونکە نابێت. ئەمڕۆ لەنێو لیستەکەدا دەبن؛ ئەمانە ئەوانەن کە حوکم لەسەر خەڵک دەسەپێنن و تەنانەت حوکمی کوشتن دەدەن."
 
ئەو وەزیرە باس لەوەش دەکات کە "زۆر لە ئێمە ئامادەین رێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ دیارکردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆردا، بەڵام ئێوە بارودۆخەکە دەناسن و دەزانن چۆنە. لەڕووی یاساییەوە ئێستا ئەمە مومکین نییە. لەڕووی سیاسییەوە ئێمە بەردەوام دەبین هەموو ئەم سزایانە پەسەند بکەین کە گوشار لە رژێم بکات و کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئاشتییانە بهێنێت و زیندانییەکان ئازاد بکات و مافی ئێرانییەکانە بچنە سەر شەقامەکان و ئەوەش لەبەر بکەن کە خۆیان دەیانەوێت."
 
یەکێتیی ئەوروپا لەم پاکێجە نوێیەیدا 32 کەسایەتی و دوو دەزگای ئێرانی سزاداوە کە لەنێویاندا؛ وەزیری رۆشنبیری، وەزیری پەروەردە، گوتەبێژی سوپای پاسداران و ژمارەیەک پەرلەمانتار، هەروەها داواکارانی گشتیی شارەکانی سنە، بەلوجستان و سیستان هەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە هەر پێنج پاکێجەکەی سزا، تاوەکو ئێستا یەکێتیی ئەوروپا 196 کەسایەتی و 34 دامەزراوەی ئێرانی سزاداوە.
 
لە دەرەوەی باڵەخانەی یەکێتیی ئەوروپا بە هەزاران کەس لە رەوەندی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە خۆپێشاندانێکدا داوایان کرد کە سوپای پاسداران لە "لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپا" دەستنیشان بکرێت.
 
حامید ئیسماعیلیۆن، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانی بروکسل بە رووداوی گوت، "پێویستە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بخەنە لیستەکەوە، بەڵام سوپای پاسداران ئامرازی سەرەکیی چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانە. 500 کەسیان لە 5 مانگی رابردوودا کوشتووە، لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا هەزاران کەسیان کوشتووە، ئەگەر ئەوان رژدن، پێویستە سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە. پێموایە کە بەڕێز بۆرێل کەمتەرخەمە، ئەوەی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو و ئەم چەند ساڵە پێشانیداوین، رازیکردنی دیکتاتۆرەکان بووە."
 
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاستی گوشارەکانیان بۆسەر ئێران زیادکردووە و تاوەکو ئێستا پێنج پاکێجی سزایان لە دژی ئەو وڵاتە سەپاندووە، بەڵام هێشتا دەرگەی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئێران دانەخستووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە