رووداو دیجیتاڵ
50 بازرگانی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان لە ئەرمینیان، دەیانەوێت پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی نێوان یەریڤان و هەولێر بەهێزتر بکەن.
شنروێ مستەفا، بازرگانێکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستانە کە چووەتە ئەرمینیا و دەڵێت، "ئێمە وەکو کۆمپانیای خۆراک هاتین، دەمانەوێت لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەرمینیا شتێکی نوێ و باش بدۆزینەوە بۆ ئەوەی چی لە کوردستان نەبێت بیبەین و سوود بە وڵاتەکەمان بگەیێنین."
محەممەد مستەفا، بازرگانێکی دیکەیە و دەڵێت، "زیاتر ئەم سەردانە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان و یەکترناسین بووە."
لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیاندا بەشداربوون لە کۆنفرانسی وەزارەتی ئابووری ئەرمینیا بۆ پەیوەندی بازرگانی نێوان کوردستان و ئەرمینیا کە 100 بازرگانی هەردوولا تێیدا بەشداربوون، لە کۆتایشدا پرۆتۆکۆلی کاری هاوبەشیان واژۆکرد.
مستەفا عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران بە رووداوی گوت، "یەکەمین کۆنفرانس و کۆبوونەوەی کوردستان و ئەرمینیا بوو کە وەزیر و جێگری وەزیری ئابووری، سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنان و ناردنکاری ئەرمینیا، راوێژکاری سەرۆکوەزیران لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون."
هەرچەندە تاوەکو ئێستا تەنیا کوردستان خۆراک و بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی لە ئەرمینیا هاوردەکردووە، شاندەکەی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران بازرگانەکانی ئەرمینیایان بۆ هەرێمی کوردستان بانگێشتکرد.
ئەرپە داڤتیان، بەڕێوەبەری بە بازاڕکردنی کۆمپانیای sgsـی ئەرمینی باسی لەوە کرد، "کۆنفرانسەکە زۆر گرنگ و باش بوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی گرنگی بدەین بە پەیوەندی بازرگانی لە نێوان هەردوولا."
ساڵانە بە نزیکەی 350 ملیۆن دۆلار مامەڵەی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئەرمینیا هەیە، تەنیا لە ساڵی رابردوویش بە بەهای 190 ملیۆن دینار مامەڵەی بازرگانی لە نێوان کوردستان و ئەرمینیا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ