لە برۆکسل پلانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو دادەندرێت

21-06-2019
رووداو @Rudawkurdish
لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل بەردەوامە
لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل بەردەوامە
نیشانەکردن برۆکسل
A+ A-

رووداو - برۆکسل

سەرانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لە شاری برۆکسل، پایتەختی ئیداریی یەکێتییەکە، کۆبوونەتەوە. کۆبوونەوەکە یەکەمین لووتکەی وڵاتانە لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆتایی ئایاری رابردوودا. 

ئەمڕۆ رۆژی دووەمی لووتکەکەیە و تیایدا درێژە بە کارەکانی رۆژی رابردوو دەدرێت و بەشێک لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانیش داڕشتنی پلانی ساڵانی داهاتوو و تاوتوێکردنی بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی دەبێت. 

تێریزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند "ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنەکە بۆ گفتوگۆکردنی چەند بابەتێکی گرنگە، بەشێک لە گەورەترین ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕوویان دەبینەوە لە سەر ئاستی ئەوروپا و لە راستیشدا ئاستی فراوانتر. گۆڕانی کەشوهەوا یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە ئێمە بەدوایەوەین، پەیوەندییە دەرەکییەکانیش بە هەمانشێوە، بە دڵنیایشەوە هەندێک پرسیار لەبارەی سەرۆکایەتییەکانی دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ داهاتوو دەبن." 

لووتکەکە هەروەها هەوڵی دروستکردنی یەکدەنگی لەسەر پۆستە سەرەکییەکانی دامەزراوەکانی یەکێتییەکە، وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، دەدات، کە بابەتێکی گرنگ و جێگەی ناکۆکیی نێوان پارتە سیاسییەکانە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی: "ئێستا ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە بریتییە لە بوونی گفتوگۆیەکی بونیاتنەر تاوەکو بەرەو پێشمان ببات. ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتی دیاریکراوی هەیە، بەڵام ئێمە پێویستیمان بە کارکردنە لەگەڵ پەرلەمان کە ئەویش دەسەڵاتی هەیە، بۆیە ئێمە ئێستا پێویستیمان بە پرۆپۆزەڵەکان و پرۆسەی هەنگاونان بەرەو بڕیارێکە کە بەهۆیەوە ژنان و پیاوانی شایستە بدۆزینەوە کە بتوانن پڕۆژەی ئەم خواستانە هەڵبگرن."

جیا لە بابەتە ئەوروپییەکان، چاوەڕێدەکرێت بابەتە جیهانییەکانی وەک گرژییەکانی کەنداویش باس بکرێن؛ ئەوروپا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندینجار داوایکردووە تاران و واشنتن دان بە خۆیاندا بگرن و رێگری لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە