رووداو دیجیتاڵ
سەراپ گولەر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا، دوای ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوای دەستپێکردنی گفتوگۆی بەپەلە لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات بۆ رێگریکردن لە تووندوتیژیی زیاتر.
گولەر رۆژی چوارشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "سووریا لە قۆناخێکدایە کە بۆ داهاتووی ئەم کۆمەڵگە فرەڕەنگە، هەستیارە. دەبێت گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بگەنە چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ دۆخی ئێستا."
وەزیرەکەی ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە تەنیا چارەسەری سیاسی دەتوانێت هاوسەنگی و ئاشتیی درێژخایەن بۆ سووریا و ناوچەکە مسۆگەر بکات.
ئەم داواکارییە لەکاتێکدایە کە ئاگربەستێکی لەرزۆک لە ئارادایە، دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە 18ـی کانوونی دووەمی 2026 تاکلایەنانە رێککەوتنێکی ئاگربەستی 14 خاڵی لەگەڵ هەسەدە راگەیاند. ئەمەش دوای شەڕێکی سەخت هات کە تێیدا هێزەکانی حکومەت توانییان کۆنترۆڵی ناوچە سەرەکییەکانی وەک رەققە و دێرەزوور لە دەستی هەسەدە دەربهێننەوە.
ئامانج لە ئاگربەستەکە وەستاندنی پێشڕەوییەکان و تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە بە دامەزراوەکانی حکومەتی دیمەشق. بەڵام هەردوو لا یەکدی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن. لە 20 و 21ـی کانوونی دووەمدا شەڕی پچڕپچڕ لە هەندێک ناوچەی پارێزگای حەسەکە بەردەوام بوو، بەڵام درێژکردنەوەی چوار رۆژی دیکەی ئاگربەستەکە کە لەلایەن دیمەشقەوە راگەیێندرا، تاوەکو 22ـی کانوونی دووەم تا رادەیەک جێبەجێ کراوە.
رۆڵی ئەمریکا و گۆڕانکارییەکان
رۆژی پێنجشەممە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد کۆبووەوە و داوای لێکردن پابەندی ئاگربەستەکە بن. باراک پشتیوانیی واشنتنی بۆ چوارچێوەی 18ـی کانوونی دووەم دووپاتکردەوە کە ئامانجی یەکخستنەوەی سووریایە لەژێر سەیوانی حکومەتە کاتییەکەی ئەحمەد شەرع.
ئەم گۆڕانکارییە رەنگدانەوەی نزیکبوونەوەی زیاتری ئەمریکایە لە دیمەشق لەو کاتەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەستبەکار بووە. باراک بە روونی رایگەیاندووە کە پشتبەستنی ئەمریکا بە هەسەدە، وەک جاران نەماوە، دوای ئەوەی کە حکومەتە کاتییەکەی سووریا چووە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. ئەگەرچی جاران هەسەدە هاوبەشی سەرەکیی واشنتن بوو لە شەڕی دژی رێکخراوە پەڕگیرەکە.
هۆکاری گرژییەکان
گرژییەکان دوای چەندین مانگ لە چەقبەستوویی گفتوگۆکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاداری 2025 بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بە دامەزراوەکانی حکومەتی سووریا، سەریان هەڵدا. دیمەشق هەسەدە بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە بیانووی جیاواز کات دەکوژێت، لەکاتێکدا سەرکردە کوردەکان نیگەرانییان هەیە سەبارەت بە مافی پێکهاتەکان، خۆبەڕێوەبەریی خۆجێیی و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ناسەقامگیری ئەگەر ناچار بە سازش بکرێن.
هێشتا دۆخی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناسەقامگیرە و ترس هەیە لە چارەنووسی هەزاران گومانلێکراوی داعش کە لە زیندان و کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوون، هەروەها ئەگەری تەشەنەسەندنی پشێوی بۆ وڵاتانی دراوسێ هەیە.
هەڵوێستەکەی گولەر ئاماژەیە بۆ رۆڵی دیپلۆماسیی چالاکی ئەڵمانیا لە قۆناخی دوای ئەسەد، کە لە درێژەی هەوڵەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە دێت، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سووریا لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا.
سەراپ گولەر کێیە؟
سەراپ گولەر لە 7ـی تەممووزی 1980 لە شاری مارلی ئەڵمانیا لە خێزانێکی کۆچبەری تورک لەدایکبووە و کەسایەتییەکی دیاری یەکێتیی کریستیان دیموکرات (CDU)ـە. دوای تەواوکردنی مەشق وەک بەڕێوەبەری هۆتێل، وانەکانی پەیوەندی و زمانی ئەڵمانی لە زانکۆی دویسبورگ-ئێسن خوێندووە.
گولەر لە هەرێمی باکووری راین-وێستفالیاوە هاتە نێو کایەی سیاسەت و لە ساڵی 2012 بووە ئەندامی پەرلەمانی ئەو هەرێمە و لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 وەک وەزیری هەرێمی بۆ کاروباری ئاوێتەکردنی کۆچبەران کاری کردووە.
لە ساڵی 2021 وەک نوێنەری بازنەی لیڤەرکوزن-کۆڵن بۆ پەرلەمانی فیدراڵی (بۆندستاگ) هەڵبژێردرا. لە ئایاری 2025 لە حکومەتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی CDU بووە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی. گولەر بە کارەکانی لە بواری ئاوێتەکردن، کۆچ و دیپلۆماسیی فرەلایەن ناسراوە و یەکێکە لە یەکەمین ژنە موسڵمانەکان لە پۆستە باڵاکانی CDU و بانگەشە بۆ رێکاری هاوسەنگ دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ فرەچەشنی کولتووری و ئاڵنگارییەکانی سیاسەتی دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ