رووداو دیجییتاڵ
جێرمی کۆربین، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی بەریتانیا، لە نامەیەکدا بۆ حکومەتی وڵاتەکەی داوا دەکات رێوشوێنی بەهێزتر بگرنەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیلی رۆژئاوای کوردستان. کۆربین هۆشداری دەدات، کە دۆخەکە مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت بەرەو "شەڕێکی ناوخۆیی فراوانتر" بڕوات.
لە نامەکەدا کە رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی ئاراستەی ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیای کردووە، کۆربین نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی شەڕی نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبی سووریا دەربڕیوە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لە ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوان هەردوولا کردووە و دەڵێت، دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکان هات، کە بوونە هۆی دەرکردنی هێزە کوردییەکان لە دوو گەڕەکی شاری حەلەب و ئاوارەبوونی زیاتر لە 155 هەزار هاووڵاتی سڤیل، هەروەها هۆشداری دا کە هەر گرژییەکی دیکە دەبێتە هۆی کوژران و وێرانکاری و ئاوارەبوونی زیاتری خەڵک.
ئەو ناوچەیەی لەندەن کە کۆربینی تێدا هەڵبژێردراوە ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی کوردی تێدا دەژیت و دەڵێت، دانیشتووانی ناوچەکەی پەیوەندییان پێوە کردووە و نیگەرانن لەو دۆخەی کە بە "بێهیواکەر" ناویدەبەن، هاوکات رەخنەی لەوە گرت، کە سەرەڕای مەترسیی دۆخەکە، میدیای بەریتانیا گرنگییەکی کەمییان پێداوە.
کۆربین کە پێشتر سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا بووە، نیگەرانی خۆی لە پێشڕەوییە سەربازییەکانی ئەمدواییەی هێزەکانی سەر بە دیمەشق دەربڕی و گوتی، ئەو جووڵانە "بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا" بوون. بە بڕوای کۆربین، ئەم پێشهاتە مەترسیی شەڕی ناوخۆ و چەوساندنەوەی کەمینەکانی زیاد کردووە.
لە بەشێکی نامەکەدا، کۆربین پشت بە راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەبەستێت، کە باس لە "دەستگیرکردنی هەرەمەکی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، کوشتنی دەرەوەی یاسا و هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی" دەکەن.
جێرمی کۆربین جەختی لە هەڵوێستی لەمێژینەی خۆی کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە مافی چارەی خۆنووسینی کورد و نووسیویەتی: "کورد کە ژمارەیان بە نزیکەی 40 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، یەکێکن لە گەورەترین نەتەوەکانی جیهان کە خاوەنی دەوڵەت نین".
کۆربین جەخت لە گرنگیی داننان بە مافی کورد لە سووریا و ناوچەکە دەکاتەوە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان.
لە کۆتایی نامەکەیدا، پەرلەمانتارە بەریتانییەکە چەند داواکارییەکی خستووەتە بەردەم حکومەتی بەریتانیا، لەوانە:
- پشتیوانیکردن لە دانوستاندنی گشتگیر لەنێوان دەسەڵاتدارانی سووریا و نوێنەرانی کورد بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.
- داواکردنی پاراستنی کۆنکرێتی بۆ سڤیل و کەمینەکان.
- پشتیوانیکردن لە داننان بە ناسنامە، زمان و خۆبەڕێوەبەریی خۆجێیی کورد لە دەستووری سووریادا.
- پشتیوانیکردن لە میکانیزمی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ