رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ماوەیەکی زۆر ئامادەکارییان بۆ هێرشەکەی سەر ئێران کردووە و "بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان لەنێوبردووە."
پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە چۆنیەتی هێرشکردنە سەر ئێران کرد و رایگەیاند، "زۆر بە وردی ئامانجەکانمان پێکاوە."
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، ئەمریکا لە رێگەی فرۆکەی جەنگی پێشکەوتوو ناسراو بە فرۆکەی تارمایی بی 52 و بە بۆمبی حەشارشکێنی GBU-57، هێرشی کردە سەر ئێران و زیانی گەورەی پێگەیاندوون.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەیانەوە رایگەیاند، "هێزە دەریاییەکانمان 25 مووشەکیان لە ئێران دان و 7 بۆمبهاوێژ هێرشەکەیان ئەنجامدا."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشەکەیان رایگەیاند، بنکەی ستراتیژیی فۆردۆ "کۆتاییهات."
پێت هێگسەس باسی بوێری سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "هیچ سەرۆکێک جورئەتی نەبوو ئاوا بەرامبەر ئێران بکات."
ئێران لەدوای هێرشەکەی ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوە و کردنە ئامانجی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کرد.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر هێرشەکەی ئەمریکا قسەی نەکردووە، بەڵام هەر یەک لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەمریکایان کرد.
مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، ئەمریکا "بێتوانا"یی ئیسرائیلی بینی، بۆیە خۆی هاتە گۆڕەپانەکە. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، "ئێران رووبەڕووی هەموو دەستدرێژییەکی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی دەبێتەوە."
پێت هێگسەس لەبارەی هۆکاری هێرشەکەیان و تۆڵەسەندنەوەی ئێران گوتی، تاران بە "کەللەرەقانە" وەڵامی داواکەی ترەمپی داوەتەوە و "باشترە دوژمنانی ئەمریکا بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ