رووسیا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران دەکات

22-06-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکای بۆسەر ژمارەیەک دامەزراوەی ئێران سەرکۆنە کرد.
 
رووسیا بە تووندی ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ژمارەیەک دامەزراوەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ی حوزەیرانی 2025 چەند هێرشێک لەلایەن واشنتۆنەوە کرانە سەر ئێران.
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی رووسیادا هاتووە، "ئەم بڕیارە بێباکانەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی و ئاسمانی بۆسەر خاکی وڵاتێکی خاوەن سەروەری، بێ گوێدانە ئەو پاساوانەی دەخرێنەڕوو، پێشێلکارییەکی روونی یاسای نێودەوڵەتی، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەوەی بەتایبەتی جێی نیگەرانییە ئەوەیە کە هێرشەکان لەلایەن ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کراون."
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، تاوەکو ئێستا کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەو هێرشە دیار نییە، "لە ئێستاوە روونە کە پەرەسەندنێکی مەترسیدار لەئارادایە، بە جۆرێک هەڕەشەی زیاتری تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش هەیە. ئەمەش ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێیەکی گەورەتری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە."
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، چاوەڕێن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە شێوەیەکی خێرا، پیشەییانە و روون وەڵامی بۆ ئەم دۆخە هەبێت و دووربکەوێتەوە لە بەکارهێنانی زمانی ناڕوون.
 
هاوکات بە پێویستی دەزانێت، راپۆرتێکی بێلایەن و بابەتیانە ئامادە بکرێت بۆئەوەی پێشکێش بکرێت و لە دانیشتنی تایبەتیی داهاتووی ئاژانسەکەدا تاوتوێ بکرێت.
 
مۆسکۆ هەنگاوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە تێکدەرانە ناوبردووە و پێیوایە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەریەتی هەڵوێستێکی تووند وەربگرێت.
 
دەشڵێت، "ئێمە داوای راگرتنی دەستبەجێی دەستدرێژییەکان دەکەین، هەروەها داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی دۆخەکە بۆ سەر رێڕەوێکی ئاشتییانە و دیپلۆماسی دەکەین."
 
کاژێر 02:10ی بەرەبەیانی یەکشەممە 22-06-2025 بەکاتی تاران، یەکەم فڕۆکەی B-2 دوو بۆمبی گەورەی حەشارگەشکێنی GBU-57ی بەسەر دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆدا خستەخوارەوە.
 
لەنێوان کاژێر 2:10 بۆ 2:35ی بەرەبەیان بەکاتی تاران، بۆمبهاوێژەکانی دیکە ئامانجەکانیان لە نەتەنز و ئەسفەهان پێکا و کۆی گشتی 14 بۆمبی حەشارگەشکێن بەسەر ئەو دوو دامەزراوە ئەتۆمییەدا بارێندران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە