رووداو دیجیتاڵ
ئینستاگرام کە لایەن کۆمپانیای "مێتا "ـەوە خاوەنداریێتی دەکرێت، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری نوێ بۆ ساڵی 2023 دەخاتە بەر دەستی بەکارهێنەرانی و چەند گۆڕانکارییەک دەکات.
رۆژی 9-11-2022 تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام کۆمەڵێک خزمەتگوزاری بۆ بەشێکی کەم لە بەکارهێنەرانی زیادکرد بە شێوازی تاقیکاری " Beta "، ئینستاگرام گۆڕانکارییەکانی بە تەنها لە نێو ئەپڵیکەیشنەکەیدا جێگیر کردووە کە گرینگترینیان بریتین لە:
- دانانی میوزیک لەسەر تاک وێنە، بە واتای ئەوەی بەکارهێنەر دەتوانیت وێنەی نێو مۆبایلەکەی لە ئینستاگرام بار بکات و میوزیکی سەر بخات، لەو حاڵەتەدا لای بەکارهێنەرێکی دیکە بە شێوازی ڤیدیۆ دەردەکەوێت.
- دانانی بابەتی خشتەکراو "Scheduled " لە بەرنامەی ئینستاگرامەوە تایبەت بۆ پەیجەکان، بە واتای ئەوەی لە ساڵی نوێدا هەموو پەیجێک لە ئینستاگرام دەتوانێت پۆست و ریڵس و ستۆرییەکانی بە شێوازی خشتەکراو بڵاوبکاتەوە هاوشێوەی فەیسبووک و تویتەر و تۆڕەکانی دیکە...
- خزمەتگوزاری چاودێریکردنی هەرزەکاران بۆ دایک و باوکان، ئەم خزمەتگوزاریە هێشتا لە ژێر پەرەپێداندایە و کاری لەسەر دەکرێت، لەم بەشەدا دایک و باوکان دەتوانن ئاگاداری گەڕانەکانی منداڵەکانیان بن، هەروەها ئەو کەسانەی کە قسەیان لەگەڵ دەکەن یاخود ریپۆرتیان کردوون، ئەمە جگە لە دیاریکردنی کات بۆ هەرزەکاران لە لایەن دایک و باوکانەوە بۆ ئەوەی سنوورێکیان هەبێت بۆ بەکارهێنانی تۆڕەکە.
- سڕینەوەی وێنەیەکی دیاریکراو لە بڵاوکراوەیەکی چەند وێنەییدا، لە پێشووتر ئەگەر بەکارهێنەرێک پۆستێکی زیاتر لە یەک وێنەی کردبا، دەیتوانی دەستکاری بڵاوکراوەکەی بکات و کاپشنەکە بگۆڕێت، بەڵام نەیدەتوانی بە تەنها وێنەیەک بسڕێتەوە لە نێو بڵاوکراوەکەی، بەڵام بۆ ساڵی نوێ هەموو بەکارهێنەرەکان دەتوانن لە کاتی دەستکاریکردنی بڵاوکراوەیەکی چەند وێنەیی، وێنەیەکی دیاریکراو بسڕنەوە
- دانانی زیاتر لە بەستەرێک لە بایۆ؛ پێشتر بەکارهێنەرانی ئینستاگرام دەیانتوانی تەنها بەستەری یەک وێبسایت لە بایۆی هەژمارەکانیان دا بنێن، بەڵام ئێستا بەشێک لە بەکارهێنەرەکان دەتوانن تاوەکو 5 بەستەر دابنێن لە بایۆی هەژمارەکانیان، ئەمەش سوودێکی زۆری دەبێت بۆ کۆکردنەوەی بەستەری سەرجەم هەژمارەکانیان لە توڕەکانی دیکە، ئەم خزمەتگوزارییە لە ساڵی نوێدا بۆ هەموو بەکارهێنەران بەردەست دەبێت.
- بەستنەوە و زیادکردنی میوزیک بۆ پڕۆفایلی بەکارهێنەر، لە ساڵی نوێدا بەکارهێنەرانی ئینستاگرام دەتوانن هاوشێوەی فەیسبووک، لە بەشی رێکخستنی هەژمارەکانیانەوە میوزیکی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن و بیبەستنەوە لەگەڵ پڕۆفایلەکانیان کە لەژێر ناوی هەژمارەکانیان دەردەکەوێت.
زۆرێک لەم خزمەتگوزارییە نوێیانە ماوەی مانگێکە بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی کە جۆری هەژمارەکەیان پەیجە بەردەست کراوە لە ئەمریکا و کۆمەڵێک وڵاتی دیکە بە شێوازی تاقیکاری "Beta" لە سەرەتای ساڵی 2023 بە تەواوەتی بۆ سەرجەمی بەکارهێنەرانی ئینستاگرام بەردەست دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ