رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەلجیکا رایگەیاند، لەکاتی خۆپێشاندانێکی کوردانی دانیشتووی شاری ئەنتوێرپ بۆ پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان، بە چەقۆ هێرش کراوەتە سەر خۆپێشاندەران و بەهۆیەوە شەش کەس بریندار بوون.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (22-01-2026) لە نزیک ئۆپێرا هاوسی شاری ئەنتوێرپ روویداوە.
واتەر برینز، گوتەبێژی پۆلیسی شارەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هەر شەش بریندارەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و تەندروستیی دوو لە بریندارەکان سەختە.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، راستەوخۆ دوای رووداوەکە چوار کەسیان دەستگیرکردووە و لە رێگەی کامێراکانی چاودێریشەوە بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی هیچ گومانلێکراوێکی دیکە هەڵنەهاتووە.
خۆپێشاندانەکە کە نزیکەی 50 کەس بەشدارییان تێدا کردبوو، بۆ پشتگیری رۆژئاوای کوردستان رێکخرابوو.
سەبارەت بە چۆنیەتی رووداوەکە، ئۆرهان کڵچ، گوتەبێژی "ناڤبێل" کە کۆمەڵەیەکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی رەوەندی کوردی لە بەلجیکا، رایگەیاند: "خێزان، ژنان، گەنجان و منداڵان بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کردبوو. رێک لەو کاتەی خۆپێشاندانەکە کۆتایی دەهات و خەڵکەکە بڵاوەیان دەکرد، لەلایەن گرووپێک پیاوەوە هێرشیان کرایە سەر."
کڵچ دەڵێت: "ئەو پیاوانە خۆیان خزاندبووە ناو خۆپێشاندانەکە و لەناکاو چەقۆیان دەرکردووە و بەشێوەیەکی هەرەمەکی دەستیان کردووە بە چەقۆوەشاندن لە خەڵکەکە."
گوتەبێژەکەی ناڤبێل جەختی کردەوە کە ئەمە تەنیا رووداوێکی تووندوتیژیی ئاسایی نییە، بەڵکو "هێرشێکی ئامانجدارە بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی."
پۆلیسی بەلجیکا دەڵێت هێشتا پاڵنەری پشت هێرشەکە روون نییە، بەڵام دۆسیەکە وەک "هەوڵی کوشتن" لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت نەک وەک دۆسیەی تیرۆر.
خۆپێشاندانەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و پشتگیری بووە لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان، کە تێیدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی حکومەتی سوریا دروست بووە.
لە هەفتەی رابردووەوە خۆپێشاندانی رەوەندی کوردی لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە، ئەمەش بەهۆی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ