لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، وڵاتان چاودەبڕنە بەستەڵەکی باکوور

23-05-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە جەمسەری بەستەڵەکی باکوور لە باکووری سوێد، ژمارەیەک سەرباز بەرگری و بەرگەی جەستەیان لە بەرامبەر کەشوهەوایەکی زۆر سارد تاقیدەکەنەوە. لەوێ پلەی گەرمی دادەبەزێت بۆ ژێر سفری سەدی، چینێکی ئەستووری بەفریش زەوی سپی پۆشدەکات، بۆیە ئەرکی سەربازەکان قورستر دەبێت.
 
ئۆسکار ساندسترۆم، ئەفسەرە و دەڵێت، "کەشوهەوای سارد هەمیشە قورسە، ناچارت دەکات باش خۆتی بۆ ئامادە بکەیت بۆ ئەوەی رەق نەبیتەوە. دەستکەوتنی ئاو قورسترە، دەبێت بەفر بتوێنیتەوە بۆ ئەوەی ئاوت دەستکەوێت. هەموو شتێک کات زیاتردەبات."
 
سوێد مەشقێکی سەربازی لە بەستەڵەکی باکوور بەناوی "خۆری زستان" کردووەتەوە، سەدان سەرباز بەشداری تێدا دەکەن.
 
سەربازان لەوێ فێردەبن چۆن بەرگەی سەرما بگرن، پێچ و پەنا بۆ خۆشاردنەوە بدۆزنەوە و هەروەها شوێنپێکانیان بسڕنەوە. ئەو فەرماندانەی مەشق بەم هێزانە دەکەن، مەشقی سەربازیان بە هێزەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیاش کردووە.
 
فێربوونی خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوای سارد یەکەم هەنگاوی بەشداریکردنە لە مەشقەکان.
 
مۆرگان گوستافسن، فەرماندەیەکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "لە شتە زۆر بنچینەییەکان دەستپێدەکەین، چۆن گۆرەویت بگۆڕیت، چۆن بە وشکی بمێنیتەوە. چی بخۆیت. چی بخۆیتەوە، دوایش مەشق لەسەر بەکارهێنانی چەک و پێڵاوی سەر بەفر و ئۆتۆمبێلی سەربەفر و ئەو شتانە دەکەین."
 
لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و توانەوەی بەستەڵەکەکان، خواستی وڵاتان بۆ بەکارهێنانی ناوچە جەمسەرییەکان رووی لە زیادبوونە،  ئەو رووسیایەی کە لە چەندین بەرەوە کێشەی بۆ ئەوروپا دروستکردووە، پەرە بە رێڕەوێکی دەریایی بازرگانی دەدات، دەیەوێت جێگەی نۆکەندی سوێد بگرێتەوە.
 
فرێدریک ئاندێرسن، فەرماندەیە و باس لەوە دەکات، "دەبینین بایەخی وڵاتان بەم ناوچەیەی باکوور رووی لە زیادبوونە، لەکاتێکدا بەستەڵەکەکە وا دەتوێتەوە، رێگەی بازرگانی دەبینین پەرەیان پێدەدرێت، وڵاتانێکی زۆر بایەخ بەم شوێنە دەدەن."
 
لە کۆتایی 2020دا پەرلەمانی سوێد پشکی بودجەی سەربازی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە رێژەی 40٪ زیادکرد.
 
سوێد کە ئەندام نییە لە ناتۆ، دوای جەنگی سارد بایەخی کەمتری بە لایەنی سەربازی داوە و بودجەی کەمتری بۆ تەرخانکردووە، وڵاتەکە بنکەی سەربازی لەسەر دەریای بەڵتیکیش داخست، بەڵام لە 2017دا جارێکی دیکە بنکەکە کرایەوە و فایلە سەربازییەکان خرانەوە سەر مێز، وەزیری بەرگریی سوێد تەنگەژە و هەڵچوونە سەربازییەکانی ئەوروپا بە هۆکاری پێشخستنی کەرتی سەربازی دەزانێت.
 
پیتەر هولتکڤیست، وەزیری بەرگریی سوێد رایگەیاند، "دەبینین گۆڕانکاریێک لە دۆخی ئاسایشی ئەوروپا هەیە و هێرشی رووسیا بۆ سەر جۆرجیا لە 2008، داگیرکردنی کریمیا لە 2014، شەڕ لە ئۆکراینا هەیە لە بیلاڕووسیش دۆخێکی زۆر ورد لە ئارادایە."
 
لەوانەیە جوڵەی سەربازی لەو ناوچانە تاقەتپڕووکێن بێت، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر ناوچەکە، سوێد رۆژانە سەربازی زیاتر دەخاتە نێو مەشق و راهێنان و خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوای زۆر سارد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە