رووداو - هەولێر
سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لە دووەم و دوا وێستگەی گەشتە 5 رۆژییەکەیدا بۆ ئاسیا کە کۆریای باشووریشی گرتەوە؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە تۆکیۆ و لەگەڵ فۆمیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی نوێی ژاپۆن کۆبووەوە و تێیدا جەختی لە گرنگیی هاوپەیمانیەتی ئەمریکا و ژاپۆن بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەی هیند و ئارام کردەوە.
ناوچەی هیند و ئارام لە هەردوو زەریای هیندی و ئارامی ئاسیا پێکدێت و چەندین وڵات لە کیشوەری ئەمریکای باکوور، باشوور و هەروەها وڵاتانی ئاسیا لەخۆدەگرێت، لەوانەش چین، ژاپۆن، هیندستان، ئوسترالیا و چەندین وڵاتی دیکە.
بایدن جەختی کردەوە لە پابەندبوونی تەواوی ئەمریکا بە بەرگریکردن لە ژاپۆن و وەڵامدانەوەی سەرجەم ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەردوو وڵات؛ لە سەردانەکەیدا بایدن دەستپێشخەرییەکی ئابووریی بەناوی "چوارچێوەی ئابووریی هیند و ئارام"ی خستەڕوو کە ئامانج لێی زیاترکردنی پێکەوەکارکردنی گەلانی ناوچەکە و پتەوترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانە.
دەستپێشخەرییەکە بەرنامەیەکی هاوبەشی ئابوورییە کە 13 وڵاتی ناوچەکە دەگرێتەوە، بەڵام چینی تێدا نییە. پێشنیازی بەستنی رێککەوتنێکی ئابوورییە کە تێیدا جووڵەیەکی بازرگانیی ئازاد لەنێوان ئەو 13 وڵاتانە ئەنجامدەدرێت بەمەبەستی گەیشتن بە "تەواوکاری ئابووری" لە چوار بواری جیاوازدا کە ئەوانیش "ئابووریی دیجیتاڵی، زنجیرەی خۆراک و بەرهەمە سەرەکییەکان، ژێرخانی بەرهەمهێنانی وزەی پاک و نەهێشتنی گەندەڵی".
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، "دووژمنکاریی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بنەماکانی سیستەمی جیهانی لەناودەبات و ئێمە هەرگیز رازی نابین بە گۆڕینی ئەو سیستەمە جیهانییە چەسپێندراوە لە رێگەی هێزەوە، ئەمریکا و ژاپۆن پێکەوە لەسەر بنەمای بەهای هاوبەشیان سەرکردایەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن تاوەکو دڵنیابن لە ئازادی و سەروەریی یاسا لە ناوچەی هیند و ئارام".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ