رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایی، ئێوارەی ئەمڕۆ زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، میسر، پاکستان و تورکیا ئەنجام دا.
ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، سەرکردەکانی ناوچەکە لەم پەیوەندییانەدا داوایان لە ترەمپ کردووە بە پێشنیازەکەی ئێران بۆ رێککەوتن رازی بێت. بڕیاریش بوو هەر ئەمشەو ترەمپ لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش قسە بکات تاوەکو هەڵوێستی ئەو لەمبارەیەوە بزانێت.
هاوکات سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسایی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، ئەمشەو ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ و سەرکردەکانی ئیمارات، قەتەر، سعودیە و ئوردن کردووە و دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان تاوتوێ کردووە.
بەگوتەی سەرچاوەکە، فەرەنسا هەوڵی دیپلۆماسی و دۆزینەوەی چارەسەر دەدات، ئەوەش لەرێگەی پێدانی لە پێشینە بە کردنەوەی تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی تەواو و بێ وەرگرتنی باج. هەروەها پاریس کار دەکات بۆ رێگەخۆشکردن بۆ ئاگربەست و دواتر دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەبارەی پرسەکانی دیکەی وەک بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکی بالیستی و بابەتە هەرێمییەکان.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە نیشانەی گەیشتنی کێشەکانن بە قۆناخــێکی هەستیار و چیدیکە لایەنەکان نایانەوێت پەرە بە گرژییەکان بدەن، بۆیە گوشارەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن زیادیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ