دیموکرات و کۆمارییەکان ناکۆکیی قووڵیان لەبارەی هەڵگرتنی چەک هەیە

23-11-2021
رۆژ عەلی زاڵە
رۆژ عەلی زاڵە @RojZalla
دووکانێکی فرۆشتنی لە ئەمریکا. وێنە: رووداو
دووکانێکی فرۆشتنی لە ئەمریکا. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژانە و هەفتانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رووداوی تەقەکردن قوربانی لێدەکەوێتەوە، ئەمریکا بە دەست کێشەی چەکەوە دەناڵێنێت و چەندین دەیەیە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکە دەدات.
 
سێدیترا براون، دایکی سێ کوژراوە لە ئەمریکا و دەڵێت، "یەکەم کوڕم لە 10ـی مانگی یەکی 2018 لە دەست دا. دووەم کوڕم لە 7ی مانگی چواری 2019 لە دەستداوە، دوا کوڕیشم کە هەر ئەوم مابوو لە 15-08-2021 لە دەستدا، هەموویان بەهۆی تووندوتیژی چەکەوە. هەست و سۆزم تەواو شێوان، بەڵام هەرگیز هیوام لە خوا نەبڕا. ئەو ژینگە و شارەی ئێمە تێیدا دەژین، هەر شتێک دەکرێت تێیدا روو بدات، بەڵام هەرگیز پێم وانەبوو شتێکی لەو شێوەیە بۆ جاری سێیەم بەسەر مندا روودەدات". 
 
هەمواری دووەمی دەستووری ئەمریکا، رێگە بە ئەمریکییەکان دەدات چەک بکڕن و هەڵگرن، بەپێی راپۆرتی سەنتەری پیو، نزیکەی سێ لەسەر چواری ئەمریکییەکان دەڵێن، چەکیان هەیە.
 
لە نێو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا، خاوەندارێتیی چەک بەپێی ناوچە و لایەنگری سیاسی دەگۆڕێت، لە نێو کۆمارییەکاندا نزیکەی 44٪دەڵێن چەکیان هەیە، بەڵام لە نێو دیموکراتەکاندا، ئەو رێژەیە تەنیا نزیکەی 20٪ـە.
 
لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، ئیدارەی بایدن کۆمەڵێک رێوشوێنی نوێی چەسپاند بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی چەک، بەڵام هێشتا لە هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا، کڕیار دەتوانێت لەماوەی چەند خولەکێکدا چەک بکڕێت. 
 
جاک دۆناڵد، لە یەکێک لە دووکانەکانی فرۆشتنی چەک کار دەکات و دەڵێت، "بۆ کڕینی چەک فۆرمێکی حکومەتی ناوەندی پڕ دەکەیتەوە، ئێمەش بە کۆمپیوتەر لە رێگەی ئێف بی ئایەوە، یەکسەر چێکی باکگراوندت بۆ دەکەین تا بزانین هیچ پێشینەیەکی تاوانکاریت هەیە. دوای ئەوەی کە تەماشا دەکەین، سێ ئەگەر هەیە: یان سیستەمەکە دەڵێت قبووڵ بوو، ئەوەش یانی هەر ئێستا دەتوانی چەکەکەت بکڕیت. یان دەڵێت، دوای بخەن، ئەو کات دەبێت بۆ ماوەی سێ رۆژی کارکردن چاوەڕێ بکەیت، یان دەڵێت، رەتکرایەوە، ئەوەش بەمانای ئەوە دێت کە ناتوانیت چەک بکڕیت". 
 
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تووندوتیژیی چەک لە شارەکانی ئەمریکا بە نزیکەی 8٪ زیادی کردووە و سەرەڕای هەوڵەکانی ئیدارەی بایدنیش، کڕینی چەک زیادی کردووە. 
 
جاک دۆناڵەد دەڵێت، "سێ هۆکار پێکەوە کڕینی چەکیان زیادکرد، پەتای کۆڤید، ئەو خۆپێشاندان و گرژییانەی کە لە سەرانسەری وڵاتدا سەریان هەڵدا و لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بوو کە تێیدا دیموکراتەکان سەرکەوتوو بوون و زۆر کەس ترسی ئەوەیان هەبوو کە دیموکراتەکان دوای گرتنە دەستی دەسەڵات رێوشوێنی کڕینی چەک تووند دەکەنەوە". 
 
هەبوونی چەک و تووندوتیژیی چەک دیبەیتێکی تووندی بۆ چەندین ساڵە لە ئەمریکا دروست کردووە، ئیدارەی بایدن داوا لە کۆنگرێس دەکات هاوکاریی ئیدارەکەی بن لە تووندکردنی یاساکانی کڕین و فرۆشتنی چەک، بەڵام لۆبی بەهێزی کۆمەڵەی چەکی ئەمریکی، چەندین هەوڵی پێشووتری دیموکراتەکانی ئەمریکای شکست پێ هێناوە
 
نزیکەی 48٪ـی ئەمریکییەکان پێیان وایە چەک کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگەکەیانە و دەبێت چارەسەرێکی خێرای بۆ پەیدا بکرێت، بەڵام 42٪ـی ئەمریکییەکان دەڵێن، کەمکردنەوەی فرۆشی چەک رێگری لە تووندوتیژی ناکات، چونکە کێشەکە لە هەبوونی چەک نییە، بەڵکو لە هەبوونی تاوانکارانە. 
 
هەروەها 9٪ـی ئەمریکییەکانیش پێیان وایە، کەمکردنەوەی چەک لای ئەمریکییەکان وا دەکات هێرشی چەکداری زیاتر بێت، بەتایبەت ئەگەر هێرشبەرەکان ترسی ئەوەیان نەبێت کە رەنگە کەسێک بە چەکەوە رووبەڕوویان ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە