مایک پۆمپەیۆ: پشتکردنە کورد کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی دەستبەردان لە کورد لە رۆژئاوای کوردستان "کارەساتێکی گەورە" دەبێت و پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەنجوومەنی پیران بۆ پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رادەگەیێنێت.
 
پۆمپەیۆ کە لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، رایگەیاند، دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە هاوپەیمانە دێرینەکانی لە شەڕی دژی داعش، دەبێتە "کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجی".
 
پۆمپەیۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پۆستێکی لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی بڵاوکردەوە، کە ئاماژەی بە "خواستی بەهێز و گەشەسەندووی هەردوو پارت"ی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران کردبوو بۆ پاراستنی کورد و ئەو گرووپانەی یارمەتی ئەمریکایان دا لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش.
 
پۆمپەیۆ لەسەر پۆستەکەی نووسیوە: "پشتکردنە هاوپەیمانە کوردەکانمان کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجی دەبێت".
 
مەترسیی لەسەر کۆبانێ و کۆتاییهاتنی ئاگربەست
 
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئاگربەستی نێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) درەنگی شەوی شەممە کۆتایی دێت و مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوچەکە هەیە.
 
گرژییەکان دوای ئەوە پەرەیان سەند کە حکومەتی راگوزەری سووریا لە 13ـی کانوونی دووەمەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکرد. هێزەکانی حکومەت لە حەلەب، دێرەزوور و رەققە پێشڕەوییان کرد و شاری کۆبانێیان گەمارۆ داوە.
 
رێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن کە دۆخێکی سەخت لە کۆبانێ دروستبووە. بەپێی ئامارەکان 150 بۆ 500 هەزار کەس لە شارەکەدا گەمارۆدراون و رووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاو، کارەبا، خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی بوونەتەوە. مانگی سووری کورد گیانلەدەستدانی منداڵانی بەهۆی سەرما و نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە تۆمارکردووە.
 
سەرچاوەکانی حکومەتی سووریا رایانگەیاندووە کە "ئاگربەستەکە تەواو بووە" و دیمەشق خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەکانە.
 
لیندزی گراهام هۆشداریداوە کە ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد بەردەوام بن، سزاکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی تووندتر، لەوانەش یاسای قەیسەر، دەگەڕێننەوە.
 
مێژوویەکی ئاڵۆز
 
لە سەردەمی پۆمپەیۆ وەک وەزیری دەرەوە (2018-2021)، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کوردانی سووریا جێگیر نەبوو. لە ئۆکتۆبەری 2019، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچە سنوورییەکان دەرکرد، ئەوەش رێگەی بۆ لەشکرکێشیی تورکیا خۆشکرد.
 
لەو کاتەدا، پۆمپەیۆ نیگەرانییەکانی ئەنقەرەی بە "رەوا" ناو برد و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن بەشێوەی سەربازی بەرگری لە کورد ناکات؛ بڕیارێک کە لەلایەن سەرکردەکانی کوردەوە بە "ناپاکی" وەسفکرا و لە کۆنگرێسیش رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە.
 
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و دەستەڕاستی ترەمپ بۆ زۆر لە پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رایگەیاندووە کە چیدیکە ئەمریکا وەک هاوبەشی ژمارە یەک، پشتیوانی بە هەسەدە نابەستێت، لەبەر ئەوەی ئێستا حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، بووەتە ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. 
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هەسەدە لە دوو گەڕەک و گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب، پارێزگەی دێرەزوور، پارێزگەی رەققە و چەند ناوچەیەکی پارێزگەی حەسەکە کشاوەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ساتی هێرشێکی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە. وێنە: AFP

گرووپی پەرلەمانتارە کوردەکانی ئەڵمانیا داوا دەکات هێزەکانی دیمەشق هێرشەکانیان بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رابگرن

گرووپی پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، لە راگەیێندراوێکدا داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کار بکەن، بۆئەوەی هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بوەستێت؛ ئاماژە بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعشیش دەکەن