رووداو دیجیتاڵ
کۆمارییەکان سوورن لەسەر ئەوەی رێگری لە تێپەڕاندنی "پاکێجی بووژانەوەی ئابووری" بکەن، کە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە پێشنیاز کراوە. ئەوان دەڵێن، ئەو پارەیەی بایدن داوای دەکات زۆر لەسەر ئابووریی ئەمریکا دەکەوێت.
کۆمارییەکان پێیانوایە دابینکردنی 1400 دۆلار بۆ هەر کەسێک لەگەڵ پارەی منداڵ و دواتریش هاوکاریی هەفتانەی بێکاری وادەکات پارەیەکی زۆر لە داهاتی ئەمریکا بەهەدەر بچێت؛ بەشێکیشیان پێیانوایە پلانەکەی بایدن و دیموکراتەکان پلانێکی تاکلایەنەی حیزبییە.
میچ ماککۆنێل، سەرۆکی کەمینەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت "بە روونی دیارە دیموکراتەکان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی پاکێجی تاک حیزبیی تایبەت بە کۆرۆنا. با مێژوومان لەبیربێت، ساڵی رابردوو هەر پاکێجێک کە ئێمە تێمانپەڕاند بە هەوڵی دوولایەنە بوو. ئەوکاتە هیچ بەرهەڵستێک نەبوو. هیوام وابوو ئیدارەی نوێ رێگەیەکی جیاواز هەڵبژێرێت، ئێمە ژمارەمان لە ئەنجوومەنی پیران 50 بە 50یە، چاوەڕێی هەوڵی دوولایەنە بووین، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەو جۆرە نییە".
دیموکراتەکان دەیانەوێت پاکێجەکە بکەنە بەشێک لە بودجەی گشتی و بەمەش پێویستیان بە دەنگی کۆمارییەکان نابێت.
چەک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران ئاماژە بەوە دەکات "بۆ هەر شوێنێک دەچین خەڵک داوای تێپەڕاندنی پاکێجەکە دەکەن، تەنانەت لایەنگرانی کۆمارییەکانیش، کەچی سیناتۆرە کۆمارییەکان لە واشنتن دژن. بەڵام ئێمە نزیکین لە تێپەڕاندن و گەیاندنی بە سەرۆک پێش ئەوەی وادەکەی لە 14ی ئادار بەسەربچێت".
هەفتەی داهاتوو دانیشتنی ئەنجوومەنی پیران تایبەت بە پاکێجی بووژانەوەی ئابووریی دوای کۆرۆنا، بەڕێوەدەچێت و دەنگدانی یەکەمی لەسەر دەدرێت.
کۆمارییەکان یەک ترلیۆن و 900 ملیار دۆلار وەکو پاکێجی کۆرۆنا بە زۆر دەزانن.
بایدن و دیموکراتەکان دەیانەوێت کەسانی کەمدەرامەت یان ئەوانەی داهاتیان مامناوەندە 1400 دۆلار وەکو هاوکاری وەربگرن، لەکاتێکدا ساڵی رابردووش بڕیاری پێدانی 600 دۆلار بەو کەس و خێزانانە دراوە.
جگە لەوەش، هەفتانە 400 دۆلار بدرێت بەوانەی بێکارن. ئەمە جگە لە خەرجیی تایبەت بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، هاوکاریی بۆ ویلایەتەکان، بازرگانیی بچووک، بواری پەروەردە و تەندروستی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ