رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکی کۆکردنەوەی هێز لەلایەن رووسیاوە لەسەر سنووری ئۆکراینا، وڵاتانی رۆژئاوا دەستیان بە ناردنی چەک و پێداویستیی بەرگری بۆ ئۆکراینا کردووە، بۆئەوەی بەرگری لە خۆی بکات.
ئەمریکا پێش دەستپێکردنی هێرشەکە، لە ماوەی یەک ساڵدا، بە بەهای نزیکەی یەک ملیار دۆلار چەکی جۆراوجۆری بۆ ئۆکراینا ناردبوو.
رۆژی 14ی ئەم مانگەش ئەمریکا جارێکی دیکە پاکێجێکی 13.6 ملیار دۆلاریی بۆ یارمەتیدانی ئەو هاوپەیمانەی راگەیاند. 3.65 ملیار لەو پارەیە بۆ دابینکردنی چەک دەبێت.
گرنگترین ئەو چەکانە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە ئۆکراینایان داوە بەم شێوەیە:
چەکی ستینگەری دژە فڕۆکە
ئەم چەکە لەسەر شان هەڵدەگیرێت و فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە دەخاتە خوارەوە. لە ساڵی 1967 بەرهەمهێندراوە، نرخی یەک مووشەکی 38 هەزار دۆلارە، نرخی هاوێژەرەکەی 119 هەزار دۆلارە و کێشەکەی 15.19 کیلۆگرامە. درێژییەکەی یەک مەتر و 52 سەنیتمەترە، دەتوانێت هەشت کیلۆمەتر ببڕێت و لە بەرزایی سێ هەزار و 500 مەتر فڕۆکە دەخاتە خوارەوە.
چەکی جاڤلینی دژە تانک
ئەم چەکەش لەسەر شان هەڵدەگیرێت و تایبەتە بە بەئامانجکردنی تانکەکەکان. لە ساڵی 1996ـەوە بەکاردەهێندرێت، نرخی یەک مووشەکی 175 هەزار دۆلارە و نرخی یەک هاوێژەری 126 هەزار دۆلارە. کێشەکەی بە مووشەکەوە 22.3 کیلۆگرامە و دەتوانێت 2500 مەتر تاوەکو 4750 مەتر بەگوێرەی شێوازی بەکارهێنان ببڕێت. جگە لە ئەمریکا، هەریەکە لە ئیستۆنیا، لاتڤیا و لیتوانیاش بڕیاریانداوە ئەم دوو جۆرە چەکە ئەمریکییە بۆ ئۆکراینا بنێرن.
چەکەکانی دیکەی ئەمریکا کە بە ئۆکراینای داون، بە کورتی بریتین لە: بەلەمی سەربازی، زرێپۆش، نیشانەشکێن، درۆنی تایبەت بە کۆکردنەوەی زانیاری، رادار، دووربین و کامێرای شەوبین.
هۆڵەندا بڕیاری داوە 200 چەکی جۆری ستینگەری دژە فڕۆکە بۆ ئۆکراینا بنێرێت. ئەڵمانیاش 500 ستینگەری دژە فڕۆکە و 100 دژە تانک بە ئۆکراینا دەدات.
هەروەها بەریتانیاش دوو هەزار چەکی کورتمەودای دژە تانکی بە ئۆکراینا داوە، ئەوەش جگە لە پێدانی ژمارەیەک زرێپۆش.
تورکیا ژمارەیەک درۆنی بایراکتار تی بی 2ی بۆ ئۆکراینا ناردووە و ئەو وڵاتە لە دژی کاروانە سەربازییەکانی رووسیا بەکاریاندەهێنێت، لە رابردوودا فرۆشتنی ئەو درۆنە شەڕکەرانە بە ئۆکراینا، ناڕەزایی مۆسکۆی لێکەوتەوە.
کۆماری چیک بڕیاریداوە بە بەهای 8.6 ملیۆن دۆلار ئەم چەکانە بۆ ئۆکراینا بنێرێت: تفەنگ، دۆشکە و دەمانچە؛ هەروەها چوار هەزار تۆپی 152 ملیمەتریی داوەتە ئۆکراینا کە بەهاکەی 1.7 ملیۆن دۆلار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ