رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی جیهان رۆژی شەممە دەچنە ڤاتیکان بۆ ئەوەی بەشداری لە پرسەی پاپا فرانسیسدا بکەن کە 21ی نیسان لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
بڕیارە رۆژی شەممە، لە کەنیسەی سان پیتەر لە شاری ڤاتیکان، نزا و نەریتی ئایینی لەسەر تەرمەکەی بکرێت و دواتر بگوازرێتەوە بۆ رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بۆ ئەوەی لە کەنیسەی سانتا ماجۆری بە خاک بسپێردرێت.
دۆناڵد ترەمپ و میلانیا ترەمپ، سەرۆک و خانمی یەکەمی ئەمریکا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا؛ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و چەندین سەرکردەی دیکەی جیهان بەشداری لە پرسەکەدا دەکەن.
ئێستا تەرمی پاپا فرانسیس لە نێو تابووتێکی کراوەدا لە کەنیسەی سان پیتەر دانراوە. رۆژانە هەزاران کەس بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی کەنیسەکە دەکەن کە بڕیاردراوە بە شەویش بە کراوەیی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی کاتەکە بەشی هەموو سەردانیکاران بکات.
266ـەمین سەرکردەی کاسۆلیکەکانی جیهان وەسیەتی کردووە لە نەریتی پاپاکانی پێش خۆی لابدات و تەرمەکەی لە کەنیسەی سان پیتەر نەنێژرێت، بەڵکو بگوازرێتەوە بۆ کەنیسەی سانتا ماجۆری لە رۆما.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ