سولیڤان: ئەگەرێك هەیە قاعیدە توانای هێرشی دەرەکی بەدەستبهێنێتەوە

24-08-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن قاعیدە ئەفغانستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، بەدڵنیاییەوە ئەگەرێك هەیە قاعیدە بتوانێت دووبارە تواناکانی لە ئەفغانستان بەدەستبهێنێتەوە و پیلانێکی دەرەکی بگێڕێت.
 
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی کۆشکی سپی قسەی لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ئەفغانستان کرد و رایگەیاند: "واشنتن پەیوەندی سیاسی و ئاسایشی لەگەڵ تاڵیبان هەیە و رۆژانە گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیباندا دەکات.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی قاعیدە لە ئەفغانستان و هەڕەشەکردن لە هێزەکانی ئەمریکا، جەیک سولیڤان رایگەیاند، قاعیدە لە ئەفغانستان توانای هەڕەشەکردنی لە هێزەکانی ئەمریکا نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەرێك هەیە قاعیدە بتوانێت دووبارە تواناکانی لە ئەفغانستان بەدەستبهێنێت و پیلانێکی دەرەکی بگێڕێت.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا ئەو ئەگەرە وای لە بایدن کردووە بەردەوام جەخت لە پێکەوەکارکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بکاتەوە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، قاعیدە و گرووپە پەڕگیرەکانی دیکە لە ئەفغانستان. گوتیشی: "ئێمە سەلماندوومانە کە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە تەرخانکردنی هەزاران سەرباز نییە و هەر ئەوەشە کە دەمانەوێت لە ئەفغانستانیش ئەنجامی بدەین".
 
لێدوانەکەی سولیڤان لەکاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ و ئیدارەی بایدنیش چەندینجار جەختیان لەوە کردووەتەوە، رێککەوتنی کشانەوە لە ئەفغانستان و هاتنە سەر دەسەڵاتی تالیبان، بە مەرجی لەناوبردنی تواناکانی قاعیدەیە لە ئەنجامدانی هێرشی دژ بە هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لە جیهان، بەستراونەتەوە.
 
جەیک سولیڤان سەبارەت بە گواستنەوەی خەڵک لە ئەفغانستان گوتی: هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانیان لە گفتوگۆدان سەبارەت بە پرۆسەی گواستنەوەی خەڵک لە رێگەی فرۆکەخانەی کابوول.
 
سولیڤان ئاشکرای کرد تەنیا لەماوەی 24 کاژێردا نزیکەی 16 هەزار کەسیان لە ئەفغانی و هاووڵاتی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوول بردووەتەوە دەرەوە.
 
ئەوانەی لە ئەفغانستان دەبرێنە دەرەوە ئەوانەن لەگەڵ ئەمریکییەکان کاریان کردووە یان هەزاران ئەفغانی کە هاوکاری ئەمریکایان کردووە. یان ڤیزای ئەمریکا و وڵاتانی دیکەیان هەیە، جگە لەو ئەفغانستانییانەیشی ترسیان هەیە تاڵیبان تۆڵەیان لێ بکاتەوە بەهۆی کارکردنیان لە دامەزراوە ناحکومییەکان و ئەو شوێنانەی تاڵیبان کارکردن تێیاندا رەتدەکاتەوە .
 
هاوکات جۆن کێربی گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند: "لە مانگی رابردووەوە 42 هەزار کەس لە ئەفغانستانەوە گوازراونەتەوە،37 هەزار کەس لەوانە لە دوای 14 ئابەوە گوازراونەتەوە لەگەڵ کۆنتڕۆڵی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستاندا".
 
لەلایەکی دیکەوە سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند: بە پێنج گەشتی ئاسمانی 650 کەسیان لە ئەفغانستانەوە گواستووەتەوە، ئوسترالیا سەرقاڵترین رۆژی لە گواستنەوەی خەڵک بەڕێکردووە و تاوەکو ئێستا 1700 کەسی لە ئەفغانستانەوە گواستووەتەوە.
 
بەهۆی نزیکبووونوەی وادەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان و زیادبوونی هەڕەشەی کردەوەی "تیرۆرستی"، ئەمریکا پرۆسەی گواستنەوەی هاووڵاتیانی خۆی و ئەفغانییەکانی خێراتر کردووە.
 
تاڵیبان هۆشداریداوە کە دەبێت بەر لە 31ی ئابی ئەمساڵ سەرجەم هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بکشێنەوە، جەختیش دەکەنەوە, کە هیچ حکومەتێکی ئەفغانی پێکنایەت ئەگەر هێزە بیانییەکان نەکشێنەوە.
 
دوێنێ دووشەممە سوهەیل شاهین، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان رایگەیاند:"مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دوای 31ی ئاب هێڵی سوورە. بایدن پێشتر گوتویەتی تاوەکو 31ی ئاب هەموو هێزەکانی دەکشێنێتەوە. ئەگەر ئەو وادەیە درێژکرایەوە مانای درێژکردنەوەی داگیرکارییە و ئەوەش پێویست نییە".
 
سوهەیل شاهین دەشڵێت :"ئەگەر ئەمریکا و بەریتانیا داوای کاتی زیاتر بکەن بۆ گواستنەوەی خەڵک، وەڵامەکەی نەخێر دەبێت یان ئەنجامی خراپی دەبێت".
 
بەرپرسەکەی تاڵیبان دەڵێت: "درێژکردنەوەی کاتی مانەوەی هێزە بیانییەکان دەبێتە هۆی نەمانی متمانە بە بزووتنەوەکە و ئەگەریش ئەو هێزانە هەر سووریش بن لەسەر مانەوە، ئەو کاتە کاردانەوەمان دەبێت". 
 
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان رەتیدەکاتەوە خەڵك لە ترسی دەسەڵاتی بزووتنەوەکەی لە وڵاتەکە هەڵبێن و دەڵێ ئەوانەی ئەفغانستان جێدەهێڵن دەیانەوێت لە وڵاتێکی رۆژئاوا بژین و ئەوەش "کۆچی ئابوورییە، چونکە ئەفغانستان وڵاتێکی هەژارە 70٪ی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدان؛ بۆیە هەمووان دەیانەوێت لە وڵاتێکی رۆژئاوا بە ژیانێکی باشترەوە بژین. پرسەکە پەیوەست نییە بە ترس لە دەسەڵاتی تاڵیبان".
 
لە رۆژانی رابردوودا لە هەندێک سەرچاوەوە هەواڵی لەو جۆرە بڵاوبووەوە کە لە هەندێک شوێن چەکدارانی تاڵیبان لە دەرگەی ماڵان دەدەن و بە دوای فەرمانبەرانی حکومەتی ئەفغانستاندا دەگەڕێن و دەستگیریان دەکەن؛ هاوکات باس لە داخستنی چەندین قوتابخانەی تایبەت بە کچان دەکرێت لە ویلایەتەکان؛ گوتەبێژی تاڵیبان لەوبارەوە دەڵێت :"ئەو هەواڵانە دوورن لە راستیییەوە ."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی پێنتاگۆن

پێنتاگۆن: ژمارەی بریندارەکانی ئەمریکا لە جەنگی ئێران گەیشتە 400 سەرباز

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، ژمارەی ئەو سەربازانەی لە کاتی جەنگی ئێراندا بریندار بوون گەیشتووەتە 400 کەس. ئەم ئامارە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت هەفتە بە سەر دەستپێکردنی جەنگی ئێراندا دێت.