زیلینسکى بە مەبەستی وەرگرتنی مووشەکی دوورهاوێژ لە لەندەنە

24-10-2025
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکى، سەرۆکى ئۆکراینا لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا کۆبوویەوە. ستارمەر پشتیوانى وڵاتانى ئەورووپای بۆ ئۆکراینا دووپاتکردەوە.
 
کۆبوونەکە بەر لە (لووتکەى لەندەن) هات کە بڕیارە زیلینسکى لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانى ئەورووپا کە بە (هاوپەیمانیی ئامادە) ناسراوە و بەڵێنى پێدانی یارمەتیی سەربازییان بە ئۆکراینا داوە، کۆببێتەوە.
 
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا گوتى، "پێم وایە شتى زۆر هەیە بتوانین بیکەین بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی تواناکانی، بەتایبەتی توانای مووشەکى دوورهاوێژ، هەروەها کاری هاوپەیمانیی ئامادە لە بواری گەرەنتییە ئەمنییەکانەوە."
 
سەرکردەکانی ئەورووپا دەڵێن، ئەوان لەسەر پاڵپشتیکردنی کیێڤ بەردەوام دەبن. بەشێک لەو پاڵپشتییە بریتییە لە دابینکردنی مووشەکى دوورهاوێژ و بەهێزترکردنى بەرگرى ئاسمانیی ئۆکراینا.
 
کۆبوونەوەکە بە بەشدارى 20 سەرکردە دەبێ، لەوانەش مارک رووتە، سکرتێرى گشتى ناتۆ؛ مێت فریدیکسن، سەرۆکوەزیرانى دانیمارک؛ دیک شوف، سەرۆکوەزیرانى هۆڵەندا. ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکى فەرەنساش لە رێگاى ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشدار دەبێ. 
 
دواى بێ ئومێدبوونى لە واشنتۆن، زیلینسکى دەیەوێ مووشەکى دوورهاوێژ لە وڵاتانی ئەورووپا وەربگرێت، لەوانە مووشەکى ستۆرم شادۆوی بەریتانى و سکالپی فەرەنسى.
 
بەشێکى سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتییە لە پرسی پێدانى قەرزێکى 140 ملیار یۆرۆیی بە ئۆکراینا کە بە "قەرزى قەرەبوو" دەناسرێت.
 
لە سەرەتاى جەنگى رووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2022 کۆمیسیۆنى ئەورووپا بڕى 200 ملیار یۆرۆی سامانیی بانکى ناوەندى رووسیای لە ئەورووپا سڕکرد.
 
بەشێک لە سەرکردەکانى ئەورووپا پێشنیازیان بۆ کۆمیسیۆنى ئەورووپا کردووە بەشێک لەو پارە سڕکراوە بە قەرز لە دوو ساڵدا بدرێتە ئۆکراینا.
 
یەکێک لەو وڵاتانەى زۆرترین سامانە سڕکراوەکەى لێیە بەلجیکایە، ئەویش بە پلانێکى لەو جۆرە ناڕازییە. هەنگاریاش رۆژی پێنجشەممە نارەزایی خۆى لە پلانێکى لەو شێوەیە دەربڕی. ئەوەش وایکرد راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە بگۆڕدرێ و وشەى "پێدانى قەرز" بۆ "دابینکردنى یارمەتىى دارایی" بۆ ئۆکراینا بگۆڕدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە