رووداو دیجیتاڵ
تووڕەیی و هاتوهاواری هاونیشتمانییان لە فەرەنسا، رێگەی بە سەرۆک شارەوانیی پاریس نەدا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کۆمەڵگەی کوردی قسە بۆ میدیاکان بکات. بەشێكی زۆری میدیای فەرەنسی و جیهان سەرنجیان چووەتە سەر ئەو ناوچەیەی پاریس کە تێیدا هێرش کرایەسەر ناوەندی کولتووریی کوردیی ئەحمەد کایا کە تێیدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
لۆر بیکیو، داواکاری گشتیی پاریس لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، "لە دوای ئەو کردە تاوانبارەی کە لێرە ئەنجامدرا، یەکەی تاوانەکانی پاریس ئەرکی لێکۆڵینەوەیان پێ راسپێردراوە. ئەوەی کە لێرە کرا تاوان و کوشتنە، توندوتیژییەکی بەویست بووە کە بە چەک ئەنجامدراوە".
هێرشەکە لە سەرەتای رۆژی هەینی، 23ـی ئەم مانگە ئەنجامدرا. بە گوتەی میدیای فەرەنسی، هێرشبەرەکە ناوی وڵیەم ئێم ـه و تەمەنی 69 ساڵە، پێشتر شۆفێری هێڵی شەمەندەفەری پاریس بووە و ئێستا خانەنشینە. ئەو هێرشکارە بە پیاوێكی سپی پێست و درێژ و کەم کێش پێناسە کراوە.
وڵیەم بە چەک هێرشی کردووەتە سەر ناوەندی کولتووریی کوردیی ئەحمەد کایا کە دەکەوێتە گەڕەکی 10ـی باکووری پاریس. لە ئەنجامدا میر پەروەر، هونەرمەندی خەڵکی ناوچەی گمگمی سەر بە پارێزگای مووش، ئەمینە کارا، خەڵکی ناوچەی قلەبان سەر بە پارێزگای شرناخ و عەبدولڕەحمان قزل کە هێشتا نازانرێت خەڵکی چ شوێنێكی کوردستانە، گیانیان لەدەستدا.
پۆلیسی فەرەنسا هێشتا هێرشەکەی پۆڵێن نەکردووە ئایا کەسییە یان تیرۆیستی، بەڵام عەگید پۆلات، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا هێرشەکە بە "تیرۆریستی" ناودەبات.
عەگید پۆلات، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا دەڵێت، "ئەوەی کە روویدا هێرشێكی تیرۆریستییە کە لە دوای 10 ساڵ هات لە هێرشێكی دیکەی کوشندە کە تێیدا سێ چالاکڤانی کورد بوونە قوربانی. جارێكی دیکە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا گارانتی پاراستنی پێکهاتەیەکی ئێمەیان نەکرد کە ئەویش ناوەندی کولتووریی کورد، ئەحمەد کایا-یە. ئێمە دەزانین ئەمە هێرشێكی سیاسی و تیرۆریستییە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە رێکخراوە".
دەیڤید ئاندیک، پارێزەری ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا باس لەوە دەکات، "ئەمڕۆ ساڵیادی هەزارەمین کردەی دڕندەیی دژ بە گەلی کوردە، کردەیەک کە لە ئێران، عێراق، سووریا و تورکیادا نەکراوە بەڵکو لە فەرەنسا، ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردی فەرەنسی تووڕە و ترساوە".
ژان لوک میلۆنشۆن، سەرۆکی پارتی فەرەنسای نەچەماوە سەردانی ناوەندەکەی کرد و لێدوانیدا، رایگەیاند، "کاتێک کە بابەتەکە دێتە سەر تیرۆرکردنی چالاکڤان و سەرکردەکانی کورد لە پاریس، ئێمە ئیدی باوەڕ بەوە ناکەین کە رووداوەکان بە رێکەوت روویانداوە. 15 رۆژە دەسەڵات سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئێستا سێ کوژراومان هەن کە چالاکڤانی کوردن لە نێویاندا سەرکردەی ژنانی کورد لە فەرەنسا".
هێرشبەرەکە بە برینداری دەستگیرکراوە و چاوەڕێ دەکرێت پۆلیسی فەرەنسا لە ماوەیەکی کەمدا هۆکار و هاندەری سەرەکیی هێرشەکە ئاشکرا بکات، هەرچەندە بە دوور دەزانرێت رەگەزپەرستی یان ئایین لە پشت هێرشەکەوە بووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ