لەسەر خۆپیشاندان لە دژی ئیسرائیل، لە دوو زانکۆی ئەمریکا 127 کەس دەستگیرکران

25-04-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی خۆپیشاندان لە دژی جەنگی غەززە و زۆریی ژمارەی کوژراوان، لە دوو زانکۆی ئەمریکا پۆلیس 127 کەسی دەستگیرکردووە.
 
چەند رۆژێکە خۆپیشاندان لەنێو کامپی زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا USC و زانکۆی تەکساس UT بەردەوامە و پۆلیس رووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەتەوە. 
 
پۆلیس دەڵێت: لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا 93 کەسیان بەتۆمەتی "هاتنە ژوورەوە بەبێ مۆڵەت" دەستگیرکردووە و لە تەکساسیش لە شاری ئۆستن 34 کەسیدی دەستگیرکراون.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-04-2024، هەژماری فەرمیی زانکۆی USC لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "خۆپیشاندانەکان کۆتاییان هات و زانکۆ تا رێنمایی دواتر بە داخراوی دەمێنێتەوە. خوێندکاران، ستاف و ئەوانەی بۆ کار دێنە زانکۆ دەتوانن بە باجی زانکۆ بێنە ژوورەوە."
 
کێڵی مونیز، گوتەبێژی پۆلیسی لۆس ئەنجلس رایگەیاند: "هیچ کەسێک لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەنجامی خۆپیشاندان و دەستگیرکردنەکان بریندار نەبوونە و پۆلیس لە دەورووبەری زانکۆکە دەمێنێتەوە."
 
یەکەمجار، خۆپیشاندانەکان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیو یۆرک دەستیان پێکرد. بەرپرسانی زانکۆکە وەک رێکارێک بۆ "پاراستنی خوێندکارە جووەکان لە هێرش" پۆلیسیان بانگکرد و چەند کەسێک دەستگیرکران.
 
دوێنێ (چوارشەممە) مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا بوو، گوتی: "خۆپیشاندانەکان خوێندکارە جووەکان دەکەنە ئامانج، ئەگەر خۆپیشاندانەکان نەوەستن، گاردی نیشتمانی دەهێنینە نێو زانکۆ."
 
رۆژی یەکشەممەش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "خۆپیشاندانەکان دژە جوون و هیچ جێگەیەکیان لە کۆلێژەکان نابێتەوە."
 
خۆپیشاندەرەکان دەڵێن پشتگریی لە فەلەستینییەکانی غەززە دەکەن. خوێندکاران هەروەها داوا دەکەن، زانکۆکان خۆیان بەدووربگرن لەهەر کۆمپانیا و دامەزراوەیەک کە پاڵپشتی لە ئیسرائیل لە جەنگی غەززەدا دەکات. 
 
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، 12 زانکۆی گەورە و ناسراوی ئەمریکا شەپۆلی ناڕەزایەتیان لەدژی جەنگی غەززە و ئیسرائیل بەخۆوە بینیووە و چەند رۆژێکیشە پۆلیس لە هەوڵدایە بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانەکان.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. تەندروستیی کەرتەکە دەڵێت، 34 هەزار و 305 کوژراون. حکومەتی ئیسرائیلیش دەڵێت، هەزار و 170 کەس کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.