نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: دەمانەوێت بووژانەوەی ئابووری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ببینین

25-11-2025
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە هاوکارییەکی زۆرە و ئەوان سەرباری ئەو هاوکارییە مرۆییە دەیانەوێت "بەهێزکردنی ئاسایش و ئابووریش" لە ناوچەکە ببینن. 
 
ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەیامنێری رووداوی لە نیویۆرک گوت، بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی دەوڵەتی سووریا لە "پاراستنی سەرجەم گەلەکەی بەبێ گوێدانە نەتەوە و ئایین."
 
ستیفان دووجاریک لەبارەی رێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و حکومەتی سووریا گوتی، "گرنگە هەموو لایەک دڵنیا بن لەوەی پابەندبوون بەو رێککەوتنانەوە هەیە".
 
دەقی گفتوگۆی گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک:
 
رووداو: سوپاس ستیفان. دەروازە سنوورییەکانی نێوان باکووری سووریا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ عێراق و تورکیا ماوەیەکە داخراون و، دوێنێ بەرپرسێکی باڵای سووریا دانی بەوە دانا کە دەروازەکان ناکرێنەوە تاوەکو ئەو ناوچانە نەگەڕێندرێنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا. ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی گەمارۆیەکی ئابووری کرداری لەسەر ئەو بەشەی سووریا و، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی ئەوان رۆڵێکی زۆر یەکلاکەرەوەیان بینی دژی دەوڵەتی ئیسلامی و هێشتاش لە شەڕکردن دژی داعش بەردەوامن، ئایا هەڵوێستی سکرتێری گشتی لەسەر ئەمە چییە؟
 
ستیفان دووژاریک: ئەوەی دەتوانم پێتی بڵێم ئەوەیە، واتە، من ئەو راپۆرتانەم نەبینیوە کە باست کردن، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە روونە ئەوەیە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام رووبەڕووی یەکێک لە بەرزترین ئاستەکانی پێداویستی دەبێتەوە لە سووریا و، ئەمەش کارێکی لەپێشینەی سەرەکییە بۆ وەڵامدانەوەی مرۆیی. ئێمە دەمانەوێت هەوڵی زیاتر ببینین بۆ باشترکردنی دۆخەکە لەم ناوچەیەدا، بەڵام بابەتەکە تەنیا هاوکاری مرۆیی نییە و لەوە تێدەپەڕێت، بەڵکو بەهێزکردنی ئاسایش و بووژانەوەی ئابووریش دەگرێتەوە.
 
رووداو: پرسیاری دووەمیشم هەر لەسەر سووریایە. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گرووپەکانی سەر بە دیمەشق تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی هێرشی درۆن و مووشەک بۆ سەر پێگەکانیان لە دێرەزوور. ئەمەش لە کاتێکدایە حکومەتە نوێیەکە، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک ئەحمەد شەرع، بە خێرایی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت. ئایا سکرتێری گشتی هیچ نیگەرانییەکی نییە لەوەی کە کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەبێ مەرجی پێشوەختە دان بە حکومەتە نوێیەکە دادەنێت، حکومەت و هێزە هاوپەیمانەکانی هەست بە پشتئەستووری بکەن تاوەکو هێرشبکەنە سەر هەسەدە و ئەوەش نموونەیەکە بۆ ئەوە؟
 
ستێفان دووژاریک: سەبارەت بە پرسی دانپێدانانیش، ئەوە بابەتێکی دوولایەنەیە. ئەوەی روونە ئەوەیە حکومەت لە دیمەشق بەرپرسیارێتی هەیە لە پاراستنی سەرجەم گەلەکەی، بەبێ گوێدانە نەتەوە، ئایین یان هەر شتێکی دیکە. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکومەت بۆ یارمەتیدانیان لەو هەوڵەدا. دەزانم رێککەوتن هەبووە، رێککەوتن لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەت دا کراون و، گرنگە هەموو لایەک دڵنیابن لەوەی کە پابەندبوون بەو رێککەوتنانەوە هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

واشنتن داوا دەکات دادگەکە بە فەرمی کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کردەوەکانی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بهێنێت

ئەمریکا سزای بەسەر دوو دادوەری دیکەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاواندا سەپاند

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سزای بەسەر دوو دادوەری دیکەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاواندا (ICC) سەپاند؛ ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەشداریکردنیان لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل.