رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا چوونەتە قۆناخێکی جدییەوە و هەوڵەکان بەردەوامن، ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە بۆ هەمان مەبەست هەفتەی داهاتوو نێردەی تایبەتی ئەمریکا سەردانی وڵاتەکە بکات.
رۆژی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا سەبارەت بە گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "پرۆسەکە بەردەوامە و لە قۆناخێکی جدییداین". دەشڵێت، خەڵکێکی زۆر کار بۆ شکستپێهێنانی ئەو گفتوگۆیانە دەکەن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، میدیای ئەمریکا نێوەڕۆکی پلانێکی 28 خاڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بڵاوکردەوە بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکراینا. بەشێکی پلانەکە بە دڵی کیێڤ و وڵاتانی ئەورووپا نییە و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوامن.
ئەو گوتانەی گوتەبێژی کریملین لە کاتێکدابوون، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا سەردانی رووسیا بکات و بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا دڵخۆشی خۆی بە گفتوگۆکان پیشان دا بەوەی نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. وڵاتانی ئەورووپاش دەیانەوێت بەشێکی خاڵەکان بەتایبەت دەستهەڵگرتنی ئۆکراینا لە خاکەکەی لاببرێن و وەرگرتنی گەرەنتی ئەمنی بۆ کیێڤ و ئەورووپا دەستەبەر بکرێت.
نزیکەی چوار ساڵە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بەردەوامە و مۆسکۆ بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ