جیهان
مەسیح عەلی نەجاد، خانمە رۆژنامەڤانی بە رەچەڵەک ئێرانی کە لە ئەمریکا هەوڵی کوشتنی دراوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاند، سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە رۆژنامەڤانێکی ئەمریکی بە رەچەلەک ئێرانی کە رەخنەی لە حکومەتی ئێران گرتووە، بکوژن.
مێریک گارلاند، رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، سێ کەسەکە هەوڵیانداوە رۆژنامەڤانێکی خەڵکی نیویۆرک بکوژن.
مەسیح عەلی نەجاد، خانمە رۆژنامەڤانی بە رەچەڵەک ئێرانی رایگەیاند، "من کەسە ئامانجکراوەکە بووم".
پێشتریش لە لایەن چوار کەسی سەر بە ئیتیڵاعاتەوە هەوڵدرابوو مەسیح عەلی نەجاد بڕفێندرێت، کە دواتر لە ساڵی 2021 لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە سزایان بۆ دەرکرا.
بە گوێرەی داواکاری گشتیی ئەمریکا، پلانەکەی ئەمجارە بۆ کوشتنی ئەو رۆژنامەڤانە لە ساڵی 2022 دانرابوو، کاتێک کە ئەندامانی رێکخراوێکی تاوانکاریی رۆژهەڵاتی ئەوروپا کە پەیوەندیی لەگەڵ ئێران هەیە، راسپێردرابوون کۆتایی بە ژیانی رۆژنامەڤانەکە بێنن.
داوکاری گشتیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، گرووپەکە لەلایەن کەسێک بە ناوی رەفعەت ئەمیرۆڤەوە سەرپەرشتیکراوە، کە لە ئێران دەژی و "لە لایەن چەند کەسێکەوە راسپێردرابوو رۆژنامەڤانەکە بکوژێت".
ئەمیرۆڤ، کە رێکخراوەکەی بە "Thieves-in-Law" دەناسرێت، رۆژی پێنجشەممە لە نیویۆرک دەستگیرکرا.
پۆلاد عومەرۆڤ، هاووڵاتی چیکی، کە لەگەڵ ئەمیرۆڤ تێوەگلاوە، لە سەرەتای کانوونی دووەم دەستگیرکرابوو. خالید مەهدیێڤ کە لە ناوچەی یۆنکەرزی نیویۆرک دەژیا، بە هەمان تۆمەت لە تەممووزی رابردوو دەستگیرکرابوو.
بە گوێرەی راگەیێندراوی داواکاری گشتیی ئەمریکا، ئەمیرۆڤ هەستابوو بە راسپاردنی عومەرۆڤ بۆ ئەوەی رۆژنامەڤانەکە بکوژێت، عومەرۆڤیش بە مەهدیێڤی گوتبوو کارەکەی بۆ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ