رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی گوندی "پالانکا" لە مۆڵدۆڤا، لە رۆژێکی مانگی کانوونی یەکەمدا بەتەواوی هەستیان بە مەترسیی شەڕی ئۆکراینای دراوسێیان کرد. بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکراینا، لەو رۆژەدا درۆنێکی رووسی ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و بەهۆیەوە دایکێک گیانی لەدەستدا و سێ منداڵیشی بریندار بوون.
ماریا مۆراری، ژنێکی تەمەن 62 ساڵی گوندەکەیە و دەڵێت: "ئێمە زۆر لێیانەوە نزیکین، بۆیە زۆر ترساین." خەڵکی ناوچەکە نیگەرانن لەوەی پریشکی شەڕەکە بگاتە نێو ماڵەکانی ئەوانیش، چونکە گوندەکەیان دەکەوێتە سەر رێگایەکی ستراتیژی، کە دەچێتە سەر بەندەری ئۆدێسای ئۆکراینا.
لەو کاتەوەی چوار ساڵ لەمەوبەر شەڕ دەستیپێکردووە، چەندین جار مووشەک و درۆنی رووسی ئاسمانی مۆڵدۆڤایان بەزاندووە و تێیدا کەوتوونەتە خوارەوە. دوایینیان هەفتەی رابردوو بوو، کاتێک درۆنێکی جۆری "شاهید" بە 50 کیلۆ تەقەمەنییەوە لە نزیک گوندەکە کەوتە خوارەوە.
مۆڵدۆڤا وڵاتێکی بچووک و هەژارە، نە ئەندامی ناتۆیە و نە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا. تەنانەت زۆرجار بەهۆی شەڕەکەوە ئینتەرنێت و GPSـی خەڵکی گوندەکە کار ناکات، چونکە ئۆکراینییەکان سیگناڵ دەبڕن بۆ ئەوەی سەر لە درۆنەکان بشێوێنن.
ماریا دەڵێت هەندێک شەو دەنگی تەقینەوەکان ئەوەندە بەرزە، بیر لەوە دەکاتەوە ماڵەکەی بەجێبهێڵێت و رابکات بۆ پایتەخت.
"بە چی بەرگری لە خۆمان بکەین؟ بە دارلاستیک؟"
ڤالێریو، پیاوێکی تەمەن 68 ساڵە و دەڵێت کاتێک دیوی ئۆکراینا بۆردوومان دەکرێت، "خانووەکەی ئێمە دەلەرزێت."
ئەو گلەیی لەوە دەکات کە وڵاتەکەیان هیچ بەرگرییەکی نییە و دەڵێت: "دەبێت بەرگری لە خۆمان بکەین، بەڵام بە چی؟ بە شەق و دار؟ یان بە دارلاستیک؟"
مۆڵدۆڤا یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی ئەورووپا و سوپاکەی زۆر لاوازە. وەزیری بەرگری دانی بەوەدا ناوە کە رادارەکانیان زۆر کۆنن و هی سەردەمی سۆڤیەتن، بۆیە ناتوانن درۆنەکان بدۆزنەوە. ئێستا خەریکن بە هاوکاریی وڵاتانی ئەورووپا هەوڵدەدەن راداری نوێ بکڕن.
ناکۆکی لەنێو خەڵکدا
خەڵکی مۆڵدۆڤا ناکۆکن؛ هەندێکیان دەیانەوێت بچنە پاڵ ئەورووپا و هەندێکیشیان لایەنگری رووسیان. مایا ساندوو، سەرۆکی وڵاتەکە لایەنگری ئەورووپایە و دەڵێت: "خەرجکردنی پارە بۆ سوپا، واتە کڕینی ئاشتی و سەقامگیری."
بەڵام سیاسەتڤانانی لایەنگرەکانی رووسیا گاڵتە بەم قسانە دەکەن. کاتێک لە گوندێکی دیکە درۆنێک بە پیتی "Z"ـەوە (کە هێمای سوپای رووسیایە) لەسەر سەربانی ماڵێک دۆزرایەوە، هەندێک لە خەڵکەکە بڕوایان نەدەکرد هی رووسیا بێت. تەنانەت قەشەی گوندەکە گوتی: "نازانین خۆی هات یان دەستی مرۆڤی تێدابوو."
هەندێک کەس پێیانوایە حکومەت خۆی ئەو درۆنانە دادەنێت بۆ ئەوەی خەڵک بترسێنێت و کێشەکانی خۆی پێ پەردەپۆش بکات.
جەنگی دەروونی
شارەزایانی سەربازی دەڵێن ئەمە "جەنگێکی دەروونییە" کە رووسیا دەیکات بۆ ئەوەی پشێوی بنێتەوە.
ئارماند گۆسو، مێژوونووسێکە و دەڵێت: "مۆڵدۆڤا هیچ توانایەکی نییە بۆ راگرتنی مووشەکەکان." ئەو هۆشداری دەدات کە ئەگەر رووسیا لە ئۆکراینا سەربکەوێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانێت مۆڵدۆڤاش تێک بدات و وڵاتەکە "وەک کۆشکی کارتۆنی دەڕووخێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ