کۆنفرانسێکی زانستیی لە کەنەدا رۆڵی کورد لە بەرەوپێشبردنی زانست دەخاتەڕوو

27-08-2025
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
زانایانی کورد لە کۆنفرانسەکە باسیان لە بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی کرد.
زانایانی کورد لە کۆنفرانسەکە باسیان لە بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی کرد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵەخانەی زانکۆی ئۆتاوا هیچمان لەسەر کورد پێناڵێت، بەڵام ئەم هەفتەیە بووە شوێنی کۆنفرانسێکی کەم وێنە بۆ کۆکردنەوەی زانایانی کورد لە جیهان و باسیان لە بەرەوپێشبردنی زانست کرد.
 
لە بیرکارییەوە بۆ فیزیا، لە ئەتۆمەوە بۆ پزیشکی، زانایانی کورد لێرە باسی رۆڵەکەی لە بەرەپێشبردنی مرۆڤایەتیدا کرد و چاڵێنجی ئەو وێناکردنە جیهانییە بەرتەسکەیان کرد کە زۆرجار کورد بۆ گرووپێک چەکدار کورتدەکاتەوە.
 
هانا شەیخولئیسلامی، خوێندکاری دکتۆرا لە بواری پزیشکییە و دەڵێت، "لێکۆڵینەوەی من لەسەر ئەوەیە کە چاو لە میکرۆبەکانی ناو ریخۆڵە دەکەین و چاو لە خۆراکی ژنان دەکەین بە تایبەت ژنی دووگیان و کاریگەری لەسەر منداڵەکەی."
 
کۆچەر بیرکار، براوەی خەڵاتی هاوشێوەی نۆبڵ بۆ بیرکاری لە بەریتانیاوە بە ئۆنلاین قسەیکرد و روونیدەکردەوە چۆن زانست دەتوانێت شوناس و کولتووری کوردی لە هەڕەشەکانی سەردەمی مۆدێرندا بپارێزێت.
 
کۆچەر بیرکار، زانای بیرکاری دەڵێت، "رۆڵی پەروەردەکردن بە گشتی و رۆڵی زانست بە تایبەت [بۆ پاراستنی کولتووری کوردی] زۆر زۆر گرنگە. ئێستا تەماشای میعماری [تەلارسازی] کوردی بکە. کوا میعماری کوردی؟ ئەو شێوازەی کە ماڵی کوردی پێدروستدەکرێت زۆر بەخێرایی لەناودەچێت."
 
کۆنفرانسەکە ناوەندی هۆژانی کوردی بەپاڵپشتی زانکۆی ئۆتاوا رێکیخستبوو. 
 
ماری ئێڤ سیلڤێسترە، سەرۆکی زانکۆی ئۆتاوا بە رووداوی راگەیاند، "ئەم وڵاتە بەبەشداری کۆچبەران دروستکراوە. کە دێتە سەر زانکۆی ئۆتاوا، زانکۆکە و خوێندکارە نێودەوڵەتییەکان، پرۆفیسۆرەکانی و ستافەکەی بەشێکن لە دی ئێن ئەی زانکۆکە. بەبێ ئەوان و رۆڵیان تەواو شوێنێکی جیاواز دەبین و
رۆڵیان لە پەرەسەندنی زانست دا زۆر گرنگە."
 
بە ئاڵا و جلی کوردییەوە، هەندێک لە ئامادەبووان سیمبوولە رەنگاوڕەنگەکانی کولتوورەکەیان پیشانی کەنەدییەکان دا وەکو ئەوەی بڵێن ئێمە میلەتێکین ژیانمان خۆشدەوێت و دەمانەوێت لە بەرەوپێشبردنی ئەم وڵاتە و جیهاندا بەشداربین.
 
مەکۆی لەمجۆرە وادەکات جیهان وێنەیەکی تەواوتری بۆ کورد هەبێت. کورد تەنیا میلەتێک نین کە لەخەباتدان بۆ مانەوە، بەڵکو بنیاتنەری داهاتووی
مرۆڤایەتیشن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە