لە بەرلین گەنجێکی سووری بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشی "تیرۆریستی" دادگایی دەکرێت

28-04-2026
کەهی مەحموود
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دادگای هەرێمیی بەرلین، پرۆسەی دادگاییکردنی گەنجێکی سووریی تەمەن 23 ساڵ دەستیپێکرد، کە تۆمەتبارە بە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێکی "تیرۆریستی" و کوشتنی "جوو و بێباوەڕان" لە ئەڵمانیا.
 
رۆژی دووشەممە، 27ی نیسانی 2026، میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە، دادگای بەرلین یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی بۆ پەنابەرێکی سووری (عەبدوڵڵا. ر) تەرخانکردووە. بەگوێرەی لیستی تۆمەتەکان، ناوبراو پلانی دانابوو لە ساڵی 2025دا لە رێگەی چەقۆ و ماددەی تەقەمەنییەوە، "ژمارەیەکی زۆر لە جوو و ئەو کەسانەی بە کافر پۆلێنی کردبوون" بکوژێت.
 
تۆمەتبارە سوورییەکە لە بەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و رایگەیاندووە، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی "تیکتۆک"، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بیرۆکە تووندڕەوەکانی داعش و رادیکاڵ بووە. ئەو لە گوتەکانیدا گوتی: "شەیتان لە سەرمدا بوو، من بیرۆکەکانم لە داعشەوە وەرگرتبوو."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، لە رێگەی گرووپ چاتەکانەوە زانیاریی دەربارەی پڕوپاگەندەکانی رێکخراوی داعش وەرگرتووە. ئەو گەنجە سوورییە لە ساڵی 2023 بە مەبەستی کارکردن چووەتە ئەڵمانیا، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، دواتر "ئامانجەکانی گۆڕاون."
 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت، تۆمەتبارەکە دەستی کردبوو بە کڕینی کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمب و چەند تاقیکردنەوەیەکی سەرەتاییشی ئەنجامداوە. دادگا رایگەیاندووە، ئەو گەنجە لە گوتەکانیدا گوتویەتی ئامانجی لە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە ئەوە بووە "خۆی لە گوناهەکانی پاکبکاتەوە" و لە دیدی ئیسلامی رادیکاڵەوە وەک "شەهید" بناسێندرێت.
 
جگە لە تۆمەتی سەرەکی، ئەو گەنجە بە "دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆریزم" و "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان"یش تۆمەتبار کراوە.
 
تۆمەتبارەکە لە 1ی تشرینی دووەمی 2025ەوە دەستگیرکراوە؛ بڕیارە دانیشتنەکانی دادگا تاوەکو 5ی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەردەوام بن بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ: دەبێت ئێران خۆی بەدەستەوە بدات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری رووسیا باسکرد و رایگەیاند، پووتین پێشنیازی کردووە وەک "لایەنی سێیەم" هاوکار بێت لە رێککەوتنی ئەتۆمی و وەرگرتنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی کە واشنتن داوا دەکات تاران رادەستی بکات. راشیگەیاند: "دەبێت ئێران خۆی بەدەستەوە بدات" و رێگە نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.