رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەبودجەی ساڵی 2027ـی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا هێشتا لە قۆناخی رەشنووس دایە. وەزارەتەکە داوای 1.5 تریلیۆن دۆلاری کردووە، واتە نزیکەی 40% زیاتر لە ساڵی رابردوو. بڕیارە تاوەکو مانگی ئۆکتۆبەر چەند جارێکی دیکە لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێسەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام لە ئێستاوە روونە کە کۆمارییەکان پشتگیریی دەکەن و دیموکراتەکانیش رەتی دەکەنەوە.
ریچارد مەککۆرمیک، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی کۆماری، لەمبارەیەوە دەڵێت: "پێموانییە کە هیچ کەمکردنەوەیەکمان هەبێت، ئێمە خزمەت بە خەڵکی خۆمان دەکەین بە وەبەرهێنان لە سوپاکەمان. ئەگەر ئەوە نەکەین، چەکەکانمان نوێ نەکەینەوە، وڵاتی دیکە هەن و وا دەکەن باجەکەی بدەین، بۆیە یان ئێستا وەبەرهێنان دەکەیت، یان دواتر باجەکەی دەدەیت."
لەلایەکی دیکەوە، ویلیام کێئتن، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی دیموکرات رایگەیاند: "ئەوان هێشتا لەسەر ئەم شەڕە پڕخەرجییە وەڵامیان نەداوینەتەوە، هیچ وەڵامێکیان نەبووە کە باوەڕپێکراو بێت."
هەروەها جۆی کۆرتنی، ئەندامێکی دیکەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس دەڵێت: "رەنگە هاوکارییەکان بە خراپ بەکار هێندرابن، بۆیە دەمەوێت بزانم ئەو دۆلارانە چۆن بەکار دەهێنن بەر لەوەی پارەی دیکەیان بۆ پەسەند بکەین، چونکە پارەیەکی زۆرمان لە شەڕ خەرج کردووە."
ئەوەی لەم پڕۆژەبودجەیە دا جێگەی تێبینییە، کەمبوونەوەی بەرچاوی هاوکارییەکانە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هەروەها شەڕی دژ بە تیرۆر. لە پڕۆژەبودجەکە دا داوای 118 ملیۆن و 899 دۆلار بۆ عێراق کراوە، لەو بڕە پارەیەش تەنیا ملیۆنێک و 354 هەزار و 870 دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان دابین کراوە، و باقی پارەکەی دیکە بۆ وەزارەتی بەرگری و دژەتیرۆری عێراق دیاری کراوە.
لەمبارەیەوە کە ئایا رێگە دەدەن بەم شێوەیە پەسەند بکرێت و هاوکاریی هێزێک کە ئێستاش شەڕی دژ بە تیرۆر دەکات بەتەواوەتی ببڕن؟ تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری ئاراستەی ئەندامانی لیژنەکە کرد. ئەندامانی کۆماری و دیموکرات بە رووداویان گوت کە کورد هاوپەیمانێکی گرنگە و هەوڵی پێداچوونەوە بەو بڕگەیە دا دەدەن.
جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس، بە رووداوی راگەیاند: "من خۆم شەخسی لەگەڵ حکومەت کار دەکەم، چونکە لە راستیدا هەرێمی کوردستان و خەڵکی کورد زۆر گرنگن، دەمانەوێت سەروەرییان لە سووریا و عێراقیش پارێزراو بێت."
هاوکات سێس مۆوڵتن، ئەندامی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس گوتی: "سەیرکە، پێموایە هەموو بودجەکە شایەنی مناقەشەکردنە، چونکە روونە حکومەت هیچ پلانێکی نییە. پێموایە تیرۆر هێشتا هەڕەشەیە، بۆیە دەبێت پشتیوانیی هاوپەیمانەکانمان بکەین. کورد هاوپەیمانی لەمێژینەی ئێمەن، ئۆکراینییەکان هاوپەیمانی لەمێژینەی ئێمەن، دەبێت لە پشتیان بین و وەبەرهێنانیان تێدا بکەین، نەک تەنیا وەبەرهێنان لە نەوتی ئێران بکەین بە لابردنی سزاکان لەسەریان لە ماوەی شەڕەکەمان دا."
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە ساڵی 2026ـدا هاوکاریی دارایی پێشمەرگە بەتەواوەتی بڕا، بۆ پڕۆژەبودجەی ئەمساڵیش (2027) هاوکاریی مەشق و راهێنانەکانی پێشمەرگە بەتەواوەتی بڕاوە، لەکاتێکدا لە ساڵی رابردوو نزیکەی 61 ملیۆن دۆلاریان بۆ دابین کرابوو. ئەگەر بودجەکە بەم شێوەیە پەسەند بکرێت، هەرێمی کوردستان لەو هاوکارییانە بەتەواوەتی بێبەش دەبێت و قورسایی هاوکارییەکانی دژەتیرۆری ئەمریکاش بۆ بەغدا دەگوازرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ