رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا رایگەیاند، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە نوێترین پێشنیازی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەوەش دوای دوو مانگ لە هەڵگیرسانی جەنگێک کە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابووریی جیهان.
لە کاتێکدا رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە راوێژکارەکانی راگەیاندووە، بەو پێشنیازە نوێیەی ئێران رازی نییە، کە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکێشی کردووە.
هۆکاری ناڕەزایەتییەکەی ترەمپ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران لە پێشنیازەکەیدا داوای کردووە گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی لاببردرێت، بەڵام ئامادە نەبووە باس لە چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات. ترەمپ پێداگرە لەسەر ئەوەی کە نابێت تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەیەوێت هەر رێککەوتنێک بکرێت، وەک "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ واشنتن دەربکەوێت.
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، واشنتن پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانی لە رێگەی پاکستانەوە پێگەیشتووە.
نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات، لە نێو کۆشکی سپیدا ئەم پرسە مشتومڕی لەسەرە؛ هەندێک لە بەرپرسان پێیان وایە ئەگەر گەمارۆکە دوو مانگی دیکە بەردەوام بێت، کەرتی نەوتی ئێران بەتەواوی تێکدەشکێت و تاران ناچار دەبێت سازش بکات. بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن، بێ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی، ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پاشەکشە ناکات.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" گاڵتەی بە سەرکردایەتیی ئێران کردووە و نووسیویەتی، ئەوان کێشەی نێوخۆیی گەورەیان هەیە و لەنێوان باڵە "تووندڕۆکان" و "میانڕەوەکان"دا گیریان خواردووە.
تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان بە بنبەست گەیشتوون. ئێران داوا دەکات لە بەرامبەر کردنەوەی تەنگەی هورمزدا، باج لەو کەشتییانە وەربگرێت کە پێیدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش کارێکە کە ئەمریکا بە هەنگاوێکی دژی ئازادیی هاتووچۆی دەریایی دەبینێت.
سەرەڕای ئەوەی نزیکەی سێ هەفتەیە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگ و کردنەوەی تەنگەی هورمز.
تەنگەی هورمز پێگەیەکی ستراتیجیی هەیە و لە کاتە ئاساییەکاندا یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی نەوت و گازی شلی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئێستا لەلایەن ئێران و ئەمریکاوە گەمارۆ دراوە.
"باشترە لەوەی چاوەڕێمان دەکرد"
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی، رایگەیاند: "بە روونی دەڵێم ئێمە لە رێگەی میدیاکانەوە دانوستاندن ناکەین، بەڵام پێشنیازەکەی ئێران لەوە باشترە کە چاوەڕێمان دەکرد پێشکێشمان بکەن." روبیۆ جەختیشی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک بکرێت، دەبێت ببێتە رێگرێکی هەمیشەیی لە بەردەم گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.
لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای شکستهێنانی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان لە پاکستان، سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین کۆبووەوە. عێراقچی شکستی دانوستاندنەکانی بۆ "داواکارییە زۆرەکانی ئەمریکا" گەڕاندەوە. پووتینیش جەختی کردەوە کە رووسیا هەموو هەوڵێک بۆ چەسپاندنی ئاشتی دەدات.
"سزای نوێ و دۆخی نێوخۆیی"
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، تاران پێویستی بە گرەنتییە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش ناکەنەوە سەری. ئەمە لەکاتێکدایە پەرلەمانی ئێران کار لەسەر یاسایەک دەکات بۆ ئەوەی تەنگەی هورمز بخاتە ژێر دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان و بە ریالی ئێرانی باج لەو کەشتییانە وەربگرن کە بە تەنگەکەدا تێدەپەڕن.
مارکۆ روبیۆ لە وەڵامی ئەمەدا بە کەناڵی فۆکس نیووزی راگەیاند: "رێگە نادەین ئێرانییەکان سیستەمێک دابنێن کە خۆیان بڕیار بدەن کێ رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بەکاردەهێنێت و چەند پارە دەدات."
لە تاران، هاووڵاتییان نیگەرانیی زۆریان لە دۆخی نێوخۆیی و ئابووریی وڵاتەکەیان هەیە. فەرشاد، کە بازرگانێکی تەمەن 41 ساڵە، دەڵێت: "خەڵک حەپەساون، زۆر کەس پارەی کڕینی خواردنیشیان نەماوە."
هاوکات لە لوبنان، سەرەڕای ئاگربەست، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە بەردەوامن. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە دوای 17ی نیسانەوە لانیکەم 40 کەس کوژراون. هەر لەو چوارچێوەیەدا، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، ئامانجی دانوستاندنەکان کۆتاییهێنانە بە جەنگ و ئەوانەی وڵاتیان پەلکێشی جەنگ کردووە بە "ناپاک" ناوبردن، کە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ حیزبوڵڵا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ