حکومەتی ژاپۆن داوا لە زانکۆکانی دەکات قوتابییانی زانکۆکانی ئەمریکا وەربگرن

28-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ژاپۆن داوای لە زانکۆکانی کردووە ئەو قوتابییانە وەربگرن کە دەیانەوێت زانکۆکانی ئەمریکا جێبهێڵن. ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژ بە رۆژ گرژییەکانی واشنتن و زانکۆکان، بەتایبەت هارڤارد زیاتر دەبن و لە دوایین هەنگاودا حکومەت ڤیزای خوێندنی بۆ زانکۆکە راگرت.
 
تۆشیکۆ ئابی، وەزیری پەروەردەی ژاپۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تۆکیۆ رایگەیاند، "داوامان لە زانکۆکان کردووە رێکاری گونجاو بۆ قبووڵکردنی قوتابییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆکانی ئەمریکا بگرنەبەر، بۆئەوەی قوتابییەکان بتوانن لە خوێندنیان بەردەوام بن."
 
ئەو دەشڵێت، ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین قوتابیی ژاپۆنی بۆ خوێندن رووی تێدەکەن و زۆرینەشیان نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە داهاتوویان لەو وڵاتە پێشانداوە.
 
رۆژی 22ی ئایار نیۆم کریستی، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ پەیمانگای ئیڤی، کە تایبەتە بە مۆڵەتدان بە قوتابییە نێودەوڵەتییەکان بۆ خوێندن لە زانکۆکانی ئەمریکا رایگەیاند، خزمەتگوزاریی تایبەت بە رێگەدان بە خوێندنی قوتابییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی هارڤارد راگیرا. دەشڵێت، ئەو بڕیارە "دەستبەجێ بەرکارە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی چەند جارێک هەوڵیانداوە زانکۆکە ملکەچ بکەن، بۆئەوەی کۆتایی بە خۆپێشاندانەکانی لایەنگریی فەلەستین بهێنن، ئەوەش لە رێگەی هەڕەشەی بڕینی بودجە، لێخۆشنەبوون لە باج و رێگری لە وەرگرتنی خوێندکارانی بیانی، بەڵام هارڤارد رەتیکردووەتەوە مل بۆ داواکارییەکانی ترەمپ بدات. دوێنێش واشنتن پێدانی ڤیزای خوێندنی بە قوتابییانی زانکۆکە راگرت.
 
وەزیری پەروەردەی ژاپۆن ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەی هەموو کارێک دەکات بۆ دڵنیاییدان لەوەی گەنجان و بەهرەمەندان بتوانن لە خوێندنیان بەردەوام بن.
 
زانکۆی تۆکیۆ کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین زانکۆکانی ژاپۆن رایگەیاندووە، بە شێوەی کاتی دەتوانێت ئەو قوتابییانە وەربگرێت. گوتەبێژێکی زانکۆی کۆیۆتۆش رایگەیاند، ئەوانیش هەمان رێکار دەگرنەبەر.
 
%27ی قوتابیانی زانکۆی هارڤارد نێودەوڵەتین؛ تاوەکو ئێستا دەرچووانی زانکۆکە توانیویانە 162 خەڵاتی نۆبڵ ببەنەوە. مانگی رابردووش، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری سڕکردنی ئەو 2.2 ملیار دۆلارەی دا، کە وەک خەرجیی فیدراڵی بە زانکۆکە دەدرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە