وەزارەتی دەرەوەی عێراق: لەگەڵ بڕیاری راگرتنی جەنگی دژی غەززەین

28-10-2023
رووداو @Rudawkurdish
دیمەنی دوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆسەر غەززە. وێنە: AFP
دیمەنی دوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆسەر غەززە. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل بەڕێوەچوو، ئەنجامەکەی پەسندکردنی پڕۆژە بڕیارێک بوو و داوای راگەیاندنی ئاگربەستی کرد. عێراق نە لەگەڵ پڕۆژە بڕیارەکە بوو و نە دژی بوو؛ بەڵام دواتر پاشگەز بووەوە.
 
د. عەباس کازم عەبید، نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "هەڵوێستمان ئەوەیە کە پاڵپشتی لە گەلی فەلەستین و مافی گەلی فەلەستین دەکەین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان، کە رۆژهەڵاتی قودس پایتەختەکەی بێت. دەمانەوێت دەستکاریی دەنگدانەکەمان بکرێت؛ دەنگمان بەڵێیە و لە بەرژەوەندیی پڕۆژەیاساکەدایە، چونکە لەکاتی دەنگداندا کێشەیەکی تەکنیکی دروستبوو. بە هیوام ئەوە چاک بکەنەوە."
 
ژمارەی دەنگی بەڵێ بۆ پڕۆژەبڕیارەکە 120 دەنگ؛ نەخێر 14 و لەگەڵ نەبوون و دژنەبوون 45 بوو، کە ناوی عێراق لەنێو ئەو 45 وڵاتەدا بوو.
 
بڕیارەکە هاوشێوەی هەموو بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پابەندیی نییە. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "عێراق هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە کە لەگەڵ بڕیاری راگرتنی جەنگی دژی غەززە بوو کە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا، بەڵام تێبینیمان لەبارەی هەندێک وشەی نێو بڕیارەکە هەبوو کە پێچەوانەی یاسا نیشتمانییەکانیەتی، لەوانە بژارەی هەردوو دەوڵەت و یەکسانیی نێوان سڤیلەکان لە فەلەستین و دووژمنەکەیان."
 
بزووتنەوەی حەماس پێشوازیی لە بڕیارەکە کرد و ئیسرائیلیش رەتیکردەوە و رایگەیاند، لە هێرشەکانی بەردەوام دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە