رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هانی هەولێر و بەغدا دەدات بۆ ئەوەی لە رێگەی دایالۆگەوە کێشەی مووچە چارەسەر بکەن.
وەزارەتەکە لە وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن دەڵێت: "داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەین ئەرکە داراییە دەستوورییەکانیان جێبەجێ بکەن و کێشەکانیان لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرانەوە چارەسەر بکەن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت: "چارەسەرکردنی خێرای کێشەی شایستە داراییەکان ئاماژەیەکە کە عێراق بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی دەخاتە پێشەوە و ژینگەیەک دروست دەکات کە کۆمپانیاکان تێیدا خوازیاری وەبەرهێنان بن. هەروەها ئاماژەیەکی ئەرێنی دەبێت بۆ ئەگەری کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا."
هاوکات، باس لەوە دەکات: "پشتگیریی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان وەک توخمێکی گرنگی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە. وەزیر روبیۆ بەم دواییانە میوانداریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی قسەی کرد، و تیشکی خستە سەر گرنگیی هاوکاریی بەردەوام بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە عێراق و ناوچەکەدا."
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 28ـی مانگ، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، چیدیکە مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن بەبیانووی ئەوەی کوردستان پشکی خۆی لە بودجەدا وەرگرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایار، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە و رایەگەیاند: "بڕیارەکەی عێراق پێچەوانەی دەستوورە و دەبێ زیاتر لە 9 ترلیۆن دیناری دیکە بنێرێت."
لەدوای ئەو راگەیێندراوە، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق راگەیێندراوێکى دیکەى لەبارەى مووچە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پابەندە بە جێبەجێکردنى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و یاسای بودجەى گشتى.
ئێوارهى رۆژی چوارشهممه، 28-05-2025، نێچيرڤان بارزانی، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكى تهلهفۆنى له مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوه پێگهیشت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەڵێت: "وەزیر روبیۆ و سەرۆک بارزانی باسیان لە گرنگیی هاوکاریی بەردەوام کرد بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە عێراق، سووریا، و ناوچەکە بەگشتی."
دەشڵێت، مارکۆ روبیۆ "ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوبەشییەکەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هەوڵەکانی بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ناوخۆییەکان بۆ سەربەخۆیی وزەی عێراق. وەزیر روبیۆ جەختی کردەوە لەوەی کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان وەک بەردی بناخەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، ئەوان پێیان وایە "عێراق سەقامگیرتر و خاوەن سەروەرییەکی زیاتر دەبێت، ئەگەر سەربەخۆیی وزە بەدەست بهێنێت و خۆی لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ئێران دوور بخاتەوە."
رۆژی 19-05-2025 لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانیی سەرۆکوەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای وێستن زاگرۆس و HKN Energy واژۆ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە، بە دیار کوردەی راگەیاندووە: "ئەو گرێبەستانەی کە بەم دواییانە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانییەوە، لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق واژۆ کراون، پشتگیری لەو ئامانجە [سەربەخۆیی عێراق لە رووی وزەوە] دەکەن."
هاوکات، باس لەوە دەکات، ئەم گرێبەستانە لە هەرێمی کوردستان و گرێبەستەکانی دیکەی هاوشێوە لە سەرتاسەری عێراقدا، "سوود بە هەموو عێراق دەگەیێنن، بەتایبەتی کە عێراقییەکان هێشتا بەدەست گرفتی پچڕانی کارەباوە دەناڵێنن. ئەم گرێبەستانە لە کۆتاییدا یارمەتیی عێراق دەدەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی وزەکەی، و ئێمە هانی بەغدا و هەولێر دەدەین پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی گاز بە زووترین کات دەست پێبکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ