رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی ناتۆ لە هەموو بوارێک، لە زەمین و دەریا و ئاسمانی ئەوروپادا بەهێزتر دەکرێن و لەو چوارچێوەیەشدا هێزی زیاتری ئەمریکی دەنێرێتە ئەوروپا.
لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی ئیسپانیا، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "هێرشە دووژمنکارییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا هەڕەشەیە بۆ هەموو وڵاتانی ناتۆ"، گوتیشی: "ناتۆ بەهێزە و یەکگرتووە و، پێکەوە هەنگاویش دەنێین بۆ بەهێزترکردنی هاوپەیمانێتییەکەمان".
بایدن راشیگەیاند: "لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆدا، هێزی زیاتری ئەمریکی رەوانەی ناوچەی بەڵتیک دەکەین و هێزەکانی ناتۆ لە هەموو بوارێک، لە زەمین و دەریا و ئاسمانی ئەوروپادا بەهێزتر دەکەین".
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد: "لە پۆڵەندا بنکەیەکی سەربازیی هەمیشەیی تایبەت بە فەیلەقی پێنجی ئەمریکا دادەمەزرێندرێن و پێکەوەکارکردنی نێو وڵاتانی ناتۆ خێراتر دەکەین".
ئەمریکا زیاتر لە 100 هەزار سەربازی لە ئەوروپا بڵاوکردووەتەوە، لەنێویاندا 20 هەزار سەرباز کە لەدوای هێرشەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا ناردوونی.
یانس ستۆلتینبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند: "لە لووتکەی ئەمساڵی ناتۆدا چەمکی ستراتیژییەتی نوێ لە لایەن ئەندامانی ناتۆوە پەسنددەکرێت و بە پەسندکردنیشی ئیدی بیروبۆچوونیان لەنێو چمەکە ستراتیژییەکە رەنگ دەداتەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە،29-6-2022، دووەم رۆژی کۆبوونەوەکانی لووتکەی وڵاتانی ناتۆ لە مەدریدی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.
شەڕی ئۆکراینا، هەڕەشەکانی رووسیا، چین، قەیرانی خۆراک، سووتەمەنی، ئاسایش و چەند پەڕاوێكی دیکە، لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان دەبێت کە تاوەکو رۆژی 30ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ