رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتی کێنتەکی رۆژهەڵاتی ئەمریکا یەکێکە لە سێ ویلایەتی دیکەی وڵات کە تێیدا لافاو دروست بووە. لە هەندێ شوێندا کارەبا لەسەر هەزاران ماڵ ثچڕاوە.
بارانی بەلێزمەی چەند رۆژی رابردوو لە ناوچەکانی نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەمریکا، لافاوی بەهێزیان دروستکردووە و قوربانیش هەن.
ئێندی بیشێر، حاکمی ویلایەتی کێنتەکی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئێمە ئێستا رووبەڕووی یەکێک لە خراپترین و وێرانکەرترین لافاوەکان لە مێژووی ویلایەتی کێنتەکی بووینەتەوە. بە داخەوە تائێستا لانیکەم 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و پێشبینیش دەکەین ژمارەکە زیاتر بێت، ئەوە جگە لە زیانە گەورە ماددییەکان".
بەرپرسانی ویلایەتەکە دەڵێن ئەو زیانەی کە لافاوەکە دروستی کردووە پێویستی بە 10 ساڵ وەبەرهێنانە تاوەکو چاکدەکرێتەوە.
لافاو ویلایەتیی وێست ڤێرجینایشی گرتەوە؛ تائێستا نازانرێت قوربانی هەن یان نا، بەڵام زیانە ماددییەکان زۆرن.
جۆن پارکس، تیمی شارستانیی ویلایەتی وێست ڤێرجینیا دەڵێت، "ناتوانین پێشبینی بارودۆخەکە بکەین. ئەوە بە قەبارەی بارانبارینی چیاکان بەستراوەتەوە کە بەرەو ئێرە شۆڕ دەبێتەوە".
جگە لە کێنتەکی و وێست ڤێرجینیا، لافاو ویلایەتەکانی ڤێرجینیا، میزووری و ئۆهایۆشی گرتووەتەوە. هەزاران کەس ئاوارە بوون، بەشی زۆری رێگەوبان، ژێرخان و سەرخان زیانی بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ