رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە، مێلانیا ترەمپ، هاوژینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و خانمی یەکەمی وڵات، بڕیاریداوە یادەوەرییەکانی خۆی لە چوار ساڵی مانەوە لە کۆشکی سپیدا بنووسێتەوە و بڵاویان بکاتەوە.
بەپێی رۆژنامەی 'بیگ سێکس'ی ئەمریکی، مێلانیا راوێژی بە کەسە نزیکەکانی کردووە، بۆ دەستکردن بە نووسینەوەی یادەوەرییەکانی خۆی لەسەر ئەو چوار ساڵەی لە کۆشکی سپیدا بەسەریبردووە و تێیدا خانمی یەکەمی وڵات بووە.
رۆژنامەکە گوتویەتی، نووسینەوە و چاپکردنی بیرەوەرییەکانی ناو کۆشکی سپی بۆ مێلانیا، سەرچاوەی داهاتێکی باش دەبێت. ئەوەشی روونکردووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ، بیرۆکەی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی مێلانیای بەدڵە و پشتگیری دەکات، چونکە ترەمپ دەیەوێ رووداوە نەزانراوەکانی ناو کۆشکی سپی لەزاری هاوژینەکەیەوە بکەونە بەرچاوی خەڵک.
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، مێلانیا دەیەوێ بۆچوونی خۆی لەسەر هەموو رووداوەکانی چوار ساڵی رابردوو لە یادەوەرییەکانیدا بگێڕێتەوە.
مێلانیا یەکەم خانمی یەکەمی ئەمریکا نابێت، کە بیرەوەرییەکانی خۆی لە کۆشکی سپیدا دەنووسێتەوە، پێشتر میشێل ئۆباما، هاوژینی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، یادەوەرییەکانی خۆی لە کۆشکی سپیدا چاپکردووە و زیاتر لە 1 ملیۆن و 400 هەزار دانەی لێفرۆشراوە، لە هەفتەی یەکەمی خستنە بازاڕیدا.
هاوکات سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، مێلانیا بۆ دواجار لە کۆشکی سپیدا سەرپەرشتی رازاندنەوەی کۆشکەکە دەکات، بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، بەرلەوەی لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا، ماڵئاوایی لە کۆشکی سپی بکات، پاش دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، بە سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ