سەروو 100 گەنجی کوردی دانیشتووی دەرەوە دێنە هەرێمی کوردستان

30-09-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی رەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا بە رووداوی راگەیاند، سەروو 100 گەنجی دیاسپۆرای هەر چوار پارچەی کوردستان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ بەهێزکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان ئەو گەنجانە و هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی سێشەممە، 30ی ئەیلوولی 2025، یاد ئەمین، سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی رەوەندی کوردستانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە سەروو 100 گەنجی پارچەکانی کوردستان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن کە ژمارەیەک گەنجی ئەورووپیشیان لەگەڵ دەبێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە سەردانەکە ناساندنی "وڵاتی خۆمانە بەو گەنجانە و بەهێزکردنی رۆحیەتی کوردستانییە لەنێوان رەوەندی کوردی لە ئەورووپا و باشووری کوردستان". 
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی کوردستانی گوتیشی، گەنجەکان لە پۆست و رێکخراوی جیاوازی وڵاتانی ئەورووپاوەن. ئەوان پاشخانی جیاوازی کارکردنیان هەیە و لێپرسراویەتییان لە چەندین شوێن و دامەزراوەدا هەیە. 
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەردانەکەدا دەچنە چەندین شوێنی کولتووری، شوێنەواری و ناوەندی پەروەردەیی، لەوانە مۆنیومێنتی بارزان، لالش و زانکۆی سەڵاحەدین. 
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی رەوەندی کوردستانی باسی لەوە کرد، پێیان باشە و دەیانەوێ لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە. 
 
بیرۆکەی سەردانەکە بۆ شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی دێسکی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی دەگەڕێتەوە و لەلایەن فیدراسیۆنی لاوانی کوردستانییەوە جێبەجێدەکرێ.
 
بە گوتەی سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی رەوەندی کوردستانی، وەزارەتی ناوخۆ و پڕۆتۆکۆڵی حکومەت ئاسانکاری زۆریان بۆ سەردانەکەیان بۆ کردوون. 
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی کوردستانی ئاماژەی بەوەش کرد، بابەتی گەنجان، چۆنییەتی دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز لە دەرەوە بۆ کورد و دروستکردنی کاریگەری، ئامانجی لەپێشینەی کۆبوونەوەکانیان دەبن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. 
 
یاد ئەمین ئەوەشی گوت، گەنجەکان خۆیان خەرجی گەشتەکەیان دابیندەکەن، بەڵام لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە میواندارییەتی دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە