سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر خەمی گەلی بێدەوڵەت وەڵامێکی تێروتەسەلی رووداو دەداتەوە

30-10-2025
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
ئانەلینا بێربۆک، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئانەلینا بێربۆک، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئانەڵێنا بێربۆک، لەگەڵ باڵێۆزی قەتەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بەست لەسەر لووتکەی مانگی داهاتوو لەبارەی دادپەرەوەری کۆمەڵایەتی، کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دۆحەی پایتەختی قەتەر سازی دەکات. دروشمی سەرەکی لووتکەکە بریتییە لە "جێنەهێشتنی هیچ کەسێک".
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: سوپاس خاتوونی سەرۆک، سوپاس خاتوونی باڵیۆز. من نامۆ عەبدوڵڵام لە تۆڕی میدیایی رووداو. لە ژێر رۆحیەتی "جێنەهێشتنی هیچ کەسێک"، ئایا لووتکەکە تاوتوێی خەمی گەلانی بێ دەوڵەتی وەکو کورد و دروز لە سووریا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی دەکات؟
 
ئانالینا بێربۆک: پێموایە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی رابردووش دا پرسیارێکی هاوشێوەمان لێکرا. بۆیە تەنیا دەتوانم ئەوە دووبارە بکەمەوە کە لێرەدا گوتم. شتێکمان هەیە پێیدەگوترێت جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ. چونکە گەردوونییە، هیچ تێبینییەک لە پەراوێزدا نییە بڵێت ئەمە کەسانی بێ دەوڵەت یان کەسانی سەر بە رەگەزێک یاخود ئایینێکی تایبەت ناگرێتەوە. بۆیە مافی ژیان و کەرامەتیش مافێکە بۆ هەمووان، هەروەها بۆ کەسانی بێ دەوڵەت، گرنگ نییە لە چ ناوچەیەکدان. ئاشکرایە، لە جیهانێکی واقیعی دا دەژین. بۆیە ئاشکرایە مافە کۆمەڵایەتییەکان زۆربەی جارەکان بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە بەستراوەتەوە، بۆیەش دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی، پاراستنی کۆمەڵایەتی و خوێندن لەم لووتکەیەدا باس دەکرێت، بەڵام ئەم لووتکەیەش بۆ ئەوەیە تاوەکو لە یەکدی فێرببین. هەندێک وڵات لە جیهان دا هەن کە تەنانەت بەبێ پاسپۆرت، دەستت دەگاتە چاودێری تەندروستی خۆڕایی. هەندێک دەوڵەت لە جیهان دا هەن کە دەڵێن، ئێمە مافی خوێندن دەدەینە هەموو منداڵێک، قوتابخانەی تایبەتیمان هەن، بەتایبەتی بۆ منداڵانی پەنابەر. بۆ نموونە، لێرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان سیستەمێکی تەواومان هەیە بە ناوی ئۆنروا، کە تەنیا خوێندن دابین دەکات، بەڵکو چاودێری تەندروستی، پاراستنی کۆمەڵایەتیش، نەک تەنیا لە غەززە، وەک هەمووتان دەزانن، بەڵکو لە زۆر وڵاتی دیکەش دا، وەک سووریا، ئوردن و وڵاتانی دیکەش. 
 
دووبارە، ئەم لووتکەیە، وەک باڵیۆز گوتی، دابڕاو نییە. تازە بۆچوونێکی دیکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڵاوکرایەوە، کە نەک تەنیا جەخت لە گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە دەکات، بەڵکو جەخت لە رۆڵی گرنگی ئۆنروا دەکاتەوە. ئێمە لێرە لە هەفتەی ئاستی باڵادا گفتوگۆیەکی ئۆنروا هەبوو، بۆیە ئەم پرسەش بۆ لووتکەی کۆمەڵایەتی زۆر پێکەوە بەستراوەتەوە، هەرچەندە کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی سەرنجی لەسەر جاڕنامەکەیە کە ئاماژەی پێکرا.
 
بەڵام دەمەوێت وەک دوا بیرۆکە، ئەوە زیاد بکەم کە وەک چۆن زۆر گەنگەشە لەم هۆڵانەدا لەبارەی ئاشتی و ئاسایش دەکەین و پرسیارەکانتان پەیوەندییان پێوەی هەبوو، ئاشکرایە دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەکاتی جەنگ دا جێبەجێکردنی زۆر قورسە، بەڵام لایەنەکەی دیکەش راستە. بەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئاشتی درێژخایەن دروست نابێت. ئێمە لە زۆر ناوچەی قەیراناوییەوە دەزانین، ئەگەر خەڵک کاریان نەبێت، ئەگەر نەزانن منداڵەکانیان لە کوێ دەخوێنن، ئەگەر برسی بن، من هەمیشە ئەوە بە هاووڵاتیانی ئەڵمانیا و ئەورووپاییم دەڵێم: چی دەکەن ئەگەر بزانن منداڵەکەتان برسییە؟ منداڵەکەتان دەبەن بۆ شوێنێک کە لانیکەم بتوانن تێیدا بژین. بۆیە پرسی کۆچیش زۆر بەندە لەسەر ئەوەی ئایا ئێمە "ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام"ـی [نەتەوە یەکگرتووەکان] و پرۆژەی 2030 نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ دەکەین یان نا.
 
دەزانین گرووپە تیرۆریستییەکان لەسەراپای جیهان دا ئەندامەکانیان لەو گوند و شوێنانەوەن کە خەڵک هیچ داهاتوویەکیان نییە. بۆیە لە هەموو شوێنێک، دادپەروەری کۆمەڵایەتی بنەمای جیهانێکی باشتر و ئارامتر و پارێزراوترە. بۆیە ئێمە سوپاسگوزارین کە ئەمڕۆ لێرەن لەگەڵمان لەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیەدا، بەڵام هیوادارین لەسەر ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکەش کار بکەین. چونکە ئێمە دەزانین هەواڵی خراپ شەش هێندە زیاتر لە هەواڵی باش کلیک دەکرێت، بەڵام جیهان بە دڵنیاییەوە پێویستی بە هەواڵی باشە. بۆیە هیوادارین ئێوەش لە دۆحە لەگەڵمان بن و دووبارە سوپاسی وڵاتی خانەخوێ دەکەم بۆ هەموو ئەو چالاکییە لاوەکییە مەزنانەش کە لەوێ دەیانکەین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە چین 70 هەزار قاوەخانە هەن.

چین؛ خواردنەوەی قاوە 150٪ زیادی کردووە

کولتووری قاوەخواردنەوە لە چین گەشەی سەندووە؛ گەنجان وردە وردە روو لە قاوەخانەکان دەکەن و وڵاتەکە 70 هەزار قاوەخانەی تێدایە.