ئیمارات: بە تووندی رەتیدەکەینەوە ناومان بهێنرێتە نێو گرژییەکانی یەمەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
ووداو دیجیتاڵ

سعودیە نیگەرانە لەو گوشارانەی دەوڵەتی ئیمارات "خستوویەتییە سەر هێزەکانی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سنووری باشووری سعودیە لە هەردوو پارێزگای حەزرەمووت و مەهرە." ئەمە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی سعودیە و ئاسایش و سەقامگیری لە یەمەن و ناوچەکە دادەنێت.
 
رۆژی سێشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "ئەو هەنگاوانەی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتوو گرتوونیەتە بەر، زۆر مەترسیدارن و لەگەڵ ئەو بنەمایانەدا ناگونجێن کە هاوپەیمانیی پاڵپشتیی شەرعییەت لە یەمەن لەسەری دامەزراوە. هەروەها خزمەت بە هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی یەمەن ناکەن".
 
سعودیە: هەنگاوەکانی ئیمارات گرژی دەنێنەوە
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە: "سعودیە رۆژی 25ـی کانوونی یەکەمی 2025 بۆ کۆتاییهێنان بە هەنگاوە گرژی ئامێزەکانی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور لە حەزرەمەوت و مەهرە، لەگەڵ دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتوو هەوڵەکانی چڕکردەوە. هەوڵەکانی شانشین (سعودیە) بۆ ئەوە بوو بەر لە جووڵەی چەند کەشتییەکی پڕ لە چەک و زریپۆش لە بەندەری فوجەیرەوە بگرێت کە بەرەو بەندەری موکەللا بەڕێکەوتبوو بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شانشینی سعودیە لەم چوارچێوەیەدا جەخت دەکاتەوە کە هەر دەستبردنێک یان هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانییەکەی هێڵی سوورە و لە گرتنەبەری هەموو هەنگاو و رێکارێکی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوودڵ نابێت. 
 
هەروەها پابەندیی خۆی بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی یەمەن و پشتیوانیی تەواوی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و حکومەتەکەی دووپات دەکاتەوە.
 
هەر لەم چوارچێوەیەدا جەخت دەکاتەوە کە "کێشەی باشوور کێشەیەکی رەوایە و رەهەندی مێژوویی و کۆمەڵایەتی هەیە، تەنیا رێگەش بۆ چارەسەرکردنی مێزی گفتوگۆیە لە چوارچێوەی چارەسەری سیاسیی گشتگیر لە یەمەن کە هەموو لایەنەکان بە ئەنجوومەنی راگوزەری باشووریشەوە تێیدا بەشدار بن."
 
سعودیە جەختی لە گرنگیی وەڵامدانەوەی دەوڵەتی ئیمارات بۆ داواکاریی یەمەن کردەوە سەبارەت بە چوونەدەرەوەی هێزە سەربازییەکانی لەو وڵاتە لە ماوەی 24 کاژێردا. هەروەها راگرتنی هەر جۆرە پاڵپشتییەکی سەربازیی یان دارایی بۆ هەر لایەنێک لە ناو یەمەندا. هیوایشی خواست کە دانایی و پرەنسیپەکانی برایەتی و هاوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی یەمەن زاڵ بن و ئیمارات هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بنێت.
 
هێرشێکی سنوورداری "هاوپەیمانی" بۆ سەر بەندەری موکەللا
 
فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی پاڵپشتیی شەرعییەت لە یەمەن، پێشتر رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانیی "سنووردار"یان کردووەتە سەر پاڵپشتییەکی سەربازیی دەرەکی لە بەندەری موکەللا.
 
لیوا تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانی رایگەیاند: "رۆژانی شەممە و یەکشەممەی رابردوو، چاودێریی هاتنی دوو کەشتی کراوە لە بەندەری فوجەیرەوە بۆ بەندەری موکەللا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی، تیمی کەشتییەکانیش سیستەمی جی پی ئێس-یان پەکخستووە و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و زریپۆشیان بۆ پشتگیریکردنی هێزەکانی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی یەمەن (حەزرەمەوت و مەهرە) داگرتووە بە مەبەستی خۆشکردنی ئاگری ململانێکان." 
 
دەشڵێت: "ئەمەش پێشێلکردنی راشکاوانەی هەوڵەکانی هێورکردنەوە و بڕیاری ژمارە 2216ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە."
 
لیوا مالیکی روونیکردەوە "لەسەر بنەمای داوای سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن لە هێزەکانی هاوپەیمانی بۆ گرتنەبەری رێکاری سەربازیی پێویست بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و بەهۆی ئەو مەترسییەی ئەو چەکانە دروستی دەکەن، هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی بەیانیی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سنوورداریان دژ بەو چەک و زریپۆشانە ئەنجامدا کە لە کەشتییەکان داگیرابوون. ئەمەش بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت." 
 
دەسەڵاتی حەزرەمەوت باری نائاسایی راگەیاند 
 
دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگای حەزرەمەوت، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکانی رەشاد محەممەد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن راگەیاند، کە بریتین لە راگەیاندنی باری نائاسایی لە سەرتاسەری وڵات و چوونە دەرەوەی سەرجەم هێزەکانیان لە خاکی یەمەن.
 
دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگای حەزرەمەوت، بە سەرۆکایەتیی سالم خەنبەشی، پارێزگاری حەزرەمەوت و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەپشت سەرکردایەتیی سیاسییەوە دەوەستینەوە لەم بڕیارەدا کە سەروەریی نیشتمانی بەهێز دەکات و، بەشدارە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا، سوپاسی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی کراوە بۆ پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە پارێزگارانی هەردوو پارێزگای حەزرەمەوت و مەهرە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگاکان لەم بارودۆخە نائاساییەدا و بەڵێنیان بە سەرکردایەتی و گەل داوە کە لە ئاستی ئەم بەرپرسیاریەتییەدا بن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.
 
هەروەها هاتووە، "ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ پێکەوە کارکردن و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی قەڵخانی نیشتمان بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم سەربازگە و شوێنە گرنگەکان لە پارێزگای حەزرەمەوت دووپات دەکەینەوە، بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەیەکی هێمن و ئارامی بەرپرسیاریەتییە سەربازییەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بکات و رێگری لە خوێنڕشتن بکات." 
 
لە کۆتاییدا، دەسەڵاتی خۆجێیی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی پشتگیری لە شەرعییەت، بە نوێنەرایەتیی سعودیە کرد، بۆ هەڵوێستە "برایانە و راستگۆیانەکان" و هەوڵە بەردەوامەکانیان لە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی یەمەن و چاودێریکردنی رێڕەوی گەڕاندنەوەی دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئاستەنگەکان.
 
چوار ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی دژی بڕیارەکانی عەلیمی وەستانەوە
 
ئەو چوار ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی (عەیدرووس زوبێدی، ئەبو زرعە موحەڕەمی، فەرەج بەحسەنی و تاریق ساڵح) جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم رێکارانە پێچەوانەی راگەیێندراوی گواستنەوەی دەسەڵاتە، کە بڕیارەکان بە شێوەی بەکۆمەڵ و بە رێککەوتن یان بە زۆرینە دەسەپێنێت، ئەمەش وادەکات بڕیارەکان پشتیوانیی دەستوورییان نەبێت و عەلیمی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی هەڵبگرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، بڕیاری دەرکردنی ئیمارات رەتکراوەتەوە و جەخت لە رۆڵی سەرەکیی ئەو وڵاتە لە رووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان، رزگارکردنی ناوچەکان و پاراستنی کەشتیوانی کراوەتەوە و بە "شەیتانکردنی" ئیمارات بە سووکایەتیکردن بە مێژوو و خزمەتکردن بە دوژمنانی یەمەن دادەنرێت.
 
هۆشداری دراوە لە تێوەگلاندنی شەرعییەت لە ململانێیەکدا کە متمانە لەناودەبات و دەرگای ئاژاوە دەکاتەوە. هەروەها جەختیان لە پابەندبوونیان بە هاوبەشیی بەکۆمەڵ و رەتکردنەوەی بڕیاری تاکلایەنە کردووەتەوە و داوای راستکردنەوەی رێڕەوەکە بە رێککەوتن دەکەن.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات: لایەنی یەمەنیمان ئاراستە نەکردووە
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە تووندی رەتیدەکەینەوە ناوی ئیمارات بهێنرێتە نێو گرژییەکانی نێوان لایەنە یەمەنییەکان."
 
دەشڵێت، "سەرکۆنەی ئەو تۆمەتانە دەکەین کە گوایە لایەنێکی یەمەنیمان ئاراستە کردبێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کە زیان بە ئاسایشی سعودیەی برا بگەیێنێت. پەرۆشی ئاسایش و سەقامگیریی سعودیەی براین و رێزی تەواومان بۆ سەروەری و ئاسایشی نیشتمانیی هەیە." 
 
ئیمارات نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بەوەی لە راگەیێندراوی سعودیەدا هاتووە و دەڵێت، "زانیاریی هەڵەی بنەڕەتیی تێدایە."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەندییە برایانەکانمان لەگەڵ سعودیە بنەمای سەقامگیریی ناوچەکەیە و پەرۆشی هاوئاهەنگیداین لەگەڵ براکانمان لە شانشین." 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دەڵێت، "هەڵوێستی ئێمە لە سەرەتای رووداوەکانی حەزرەمەوت و مەهرەوە، کارکردن بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پشتگیریکردن لە هێورکردنەوە. بوونى ئیمارات لە یەمەن لەسەر بانگهێشتی حکومەتی شەرعی و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بووە." 
 
لە کۆتاییدا هاتووە، "مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانى ئەم دواییە دەبێت بە بەرپرسیارانە بێت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندن و، لەسەر بنەمای راستییە باوەڕپێکراوەکان بێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ UN راگرتبوو

راپۆرتێک: ئیدارەی ترەمپ خەرجیی شیرینی لە هاوکارییە مرۆییەکان زیاترە

بە گوێرەی راپۆرتێک کە ناوەندی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، ئەم ساڵ حکومەتی وڵاتەکەیان 3.9 ملیار دۆلاری لە کڕینی شیرینیدا خەرجکردووە بەڵام تەنیا بە بەهای 3.4 ملیار دۆلار هاوکاری وڵاتانی کردووە.