رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا رایدەگەیێنن، جۆن بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆت و بەندەکانی لەسەر ئۆکراینا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی نێو رووسیا، هەڵگرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی ئایاری 2024، چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە: "بایدن بەنهێنی رێگەی بە ئۆکراینا داوە چەکی ئەمریکی بۆ مەبەستی بەرپەچدانەوەی هێرشەکان و هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بەکاربهێنێت".
ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە ئاماژەیان بەوەشکردووە: "ئەمریکا هەرگیز ئەوەی بە ئۆکراینا نەگووتووە کە نابێت هێرشبکەنە سەر فڕۆکەکانی رووسیا کاتێک کە هێرشدەکەنە سەر خاکی ئۆکراینا".
تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی بەفەرمیی بڕیارەکەی رانەگەیاندووە.
لە ماوەی رابردوودا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوشاری خستە سەر هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی رێگە بە سوپای وڵاتەکەی بدەن چەکی دوورمەودا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بەکاربهێنن.
دوای شەش مانگ لە دواخستنی، لە نیسانی ئەم ساڵ کۆنگرێسی ئەمریکا پاکێجێکی هاوکاری بەبڕی یەک ملیار دۆلاری بۆ ئۆکراینا پەسند کرد، بەڵام ئیدارەی بایدن دوودڵ بوو لەوەی رێگە بە ئۆکراینا بدات بەو چەکانە هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی لەنێو خاکی رووسیا.
لە 31ـی ئایاری ئۆکراینا بەفەرمیی داوای لە ئەمریکا کرد رێگەی پێ بدات چەکە ئەمریکییەکان بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا بەکاربهێنێت.
لە دوو ساڵ و سێ مانگی جەنگی ئۆکراینا، نزیکەی 60 وڵات بە بەهای 118 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازییان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە. وڵاتانی ئەورووپاش لەو ماوەیەدا، مەشق و راهێنانی بە 50 هەزار سەربازی ئۆکراینی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە کردووە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەفتەی رابردوو هۆشداریدا لە یارمەتییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا: "نوێنەرانی ناتۆ، بەتایبەتی لە ئەورووپا و بەتایبەتتر وڵاتە بچووکەکان. دەبێت ئاگاداری ئەوە بن چۆن یاری دەکەن. دەبێت ئەوەیان لەبیر بێت کە ئەوان وڵاتێکی بچووکن پێش ئەوەی باس لە هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بکەنەوە. بەگشتی ئەم پەرەسەندنە، رەنگە دەرئەنجامی خراپی لێبکەوێتەوە."
لە ماوەی دوو ساڵی جەنگی ئۆکراینا، رووسیا بەردەوام هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی رووسیا، چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن.
سەرۆکی رووسیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە فەرمانیدا بەوەی ئامادەکاری بۆ مانۆڕی سەربازی بکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی لێدوانی چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانیی مۆسکۆی بەدوای خۆیدا هێنا.
رۆژی 27ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، بە دووری نازانن لە داهاتوودا سەرباز بنێرنە ئۆکراینا بۆ ئەوەی لە دژی رووسیا شەڕ بکەن. کرێملنیش هەر زوو دوای ئەوە رایگەیاند ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا، "لە بەرژەوەندیی رۆژئاوادا نابێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ