چین بۆ ئەمریکا: یاری بە ئاگر مەکەن

31-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هۆشداریی بە ئەمریکا دەدەن لە بابەتی تایواندا "یاری بە ئاگر" نەکەن و نیگەرانی وڵاتەکەشیان سەبارەت بە گوتەکانی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە لووتکەی سەنگاپوورە بە بەرپرسانی واشنتن گەیاندووە. 
 
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە لووتکەی ئاسایش کە لە سەنگاپوورە بەڕێوەچوو، هۆشداریدا کە چین ئامادەکاری سەربازی بۆ تێکدانی هاوسەنگی هێز لە ئاسیادا دەکات. گوتیشی، چین دەیەوێت بە هێز تایوان "داگیر بکات". 
 
وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی یەکشەممە بەکاتی چین و رۆژی شەممە بە کاتی هەولێر بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، هەڵوێستی خۆیان دژی قسەکانی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە واشنتن گەیاندووە و "بە تووندی" رەتیان دەکەنەوە. دەشڵێت، "نابێت ئەمریکا هەوڵی بەکارهێنانی پرسی تایوان بۆ گوشارخستنە سەر چین بەکاربهێنێت و یاری بە ئاگر بکات". 
 
وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەش کردووە، پرسی تایوان نێوخۆییە و وڵاتانی بیانی مافی دەستوەردانیان لەو پرسەدا نییە. 
 
چین، تایوان بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی دەزانێت. بەرپرسانی پەکین چەند جارێک رایانگەیاندووە، هەموو رێگەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی بەکاردەهێنن. 
 
چین پێشتر رایگەیاندووە کە دەیەوێت سوپاکەی ئامادە بکات بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2027 بتوانێت دەست بەسەر دوورگەی تایواندا بگرێت، ئەگەر پێویست بکات. شارەزایان پێیانوایە ئەو وادەیە بۆ دەستپێکردنی جەنگ نییە، بەڵکو تەنیا ئومێدێکە بۆ چین. 
 
دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای دەستبەکاربوونی لە کانوونی دووەم، شەڕێکی بازرگانی لەگەڵ چین دەستپێکرد و هەوڵی داوە دەستڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە ژیریی دەستکرد سنووردار بکات و پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی وەک فلیپین پتەوتر بکات، کە لەگەڵ چین کێشەی خاکی هەیە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە