بەغدا و هەولێر لەبارەى جێبەجێکردنى یاسای خانەنشینى یەکگرتوو کۆدەبنەوە

01-10-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرانى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ و نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، دووەم کۆبوونەوەى تایبەت بە جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى یەکگرتوویان کرد.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سیشەممە 1ى تشرینى یەکەم لە وەزارەتى دارایی عێراق کراوە. بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەى جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەسەر خانەنشینانى هەرێمى کوردستان کراوە.
 
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیى محەممەد حەمزە مستەفا، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى یاسایی لە وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بووە؛ فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا و بەڕێوەبەرانى گشتیى سندووقى خانەنشینى، چالاکی ناوەندى لە دیوانى چاودێریى دارایی، نوێنەرى ئەمنیدارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون.
 
هەفتەى رابردوو لیژنەیەکى تەکنیکیى وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵى کۆبوونەوە، یەکێک لە پرسەکان هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بوو بە یاساى خانەنشینى یەکگرتووى عێراق.
 
بەگوێرەى زانيارييەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، هەفتەى رابردوو یەکەم کۆبوونەوەى ئەو دوو لایەنە لەبارەى پرسی هاوتاکردنى خانەنشینان کراوە، گفتوگۆ لەسەر بڕگەکانى یاساکە و چۆنێتى جێبەجێکردنى و چارەسەکردنى بەربەستەکانى بەردەم جێبەجێکردنى دەکەن.
 
لیژنەیەک لە هەردوو وەزارەتى دارایی پێکهێندراوە بۆ چۆنێتى جێبەجێکردنى ئەو یاسایەى عێراق لەسەر خانەنشینانى هەرێمى کوردستان، بەربەستى سەرەکیى بەردەمیان تەمەنى خانەنشینبوون و خانەنشینانى سەربازییە لە هەرێمى کوردستان.
 
پارەى جیاوازى هاوتاکردنى مووچە بۆ مانگێک 54 ملیار دینارە، لە مانگى تەممووزەوە وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان مووچەى خانەنشینانى بە هاوتاکراوى دابەشکرد، بەڵام بەغدا ئەو بڕە پارەیەى نەداوە کە بۆ هاوتاکردنەکە زیاد دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە