رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ چوارشەممە توانی بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوەکانی و یەک بەرمیلی بە زیاتر لە 69 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 69 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوە کرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەرمیلێکی بە 65 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، سزای نوێی ئەمریکایە لەسەر تۆڕێکی گواستنەوەی نەوت، کە لەلایەن بازرگانێکی عێراقییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و نەوتی ئێران بە قاچاخ دەگوازێتەوە بۆ بازاڕەکانی ئاسیا.
لە لایەکی دیکەوە پێشبینییەکان بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا، پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.
رۆژی سێشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، نووسینگەی کۆنترۆڵی سامانە بیانییەکان، سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای بەسەر تۆڕێک لە کۆمپانیا و کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا سەپاند، کە بازرگانێکی عێراقی بەڕێوەیان دەبات و نەوتی ئێران بەناوی نەوتی عێراقەوە دەفرۆشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ