چاودێریی بازرگانیی هەولێر: پار زیاتر لە 620 ملیۆن هێلکەمان هەناردەی عێراق کردووە

دوێنێ کاژێر 11:59
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێت، پار 160 شوێنی بازرگانییان داخستووە کە سەرپێچییان کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، پار لە هەولێرەوە ملیۆنێک و 724 هەزار کارتۆن هێلکە هەناردەی شارەکانی عێراق کراوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 05-01-2026 هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئاماری تایبەت بە كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ ساڵی 2025 خستەڕوو.
 
هۆگر عەلی رایگەیاند، پار سەردانی 14 هەزار و 20 شوێنی بازرگانییان کردووە، کە بریتی بوون لە مۆڵ، دووکان، چێشتخانە، کۆگەی کارگە و کۆمپانیاکان.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، لە ئەنجامی سەردانەکانیاندا 1619 شوێنی بازرگانیی سەرپێچیکار سزای دارایی دراون و 160 شوێنی دیکەش داخراون.
 
وەکو هۆگر عەلی گوتی، هەر پار خاوەنی 28 شوێنی بازرگانی کە پابەندی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر نەبوون، دراونەتە دادگە و تاوەکو ئێستا 17 دۆسیەیان یەکلایی بوونەتەوە.
 
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی 2025 پێنج ملیۆن و 388 لیتر گاز بەسەر فڕنەکانی شاری هەولێردا دابەشکراوە، ''بۆئەوەی هاوکاریان بین نرخی سەموون بە شێوەیەکی جێگیر بمێنێتەوە.''
 
هۆگر عەلی دەڵێ، پار لە شوێنە بارزگانییەکان دەستیان بەسەر 559 تۆن کاڵا و خواردەمەنیی ماوەبەسەرچوودا گرتووە، توانراوە بە شێوەیەکی تەندروست لەنێوببرێن.
 
نزیکەی 21 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەولێر هەن. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک لەو 21 شوێنە کە پابەندی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە نەبوون، بە 358 ملیۆن و 996 هەزار دینار سزای دارایی دراون.
 
هۆگر عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، بە بڕیاری لیژنەیەکی باڵای پارێزگا، 50%ی هێلکەکان بۆ بەکارهێنانی نێوخۆییە و 50%یشی بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردرێت، ''بۆیە توانیومانە لە ساڵی 2025ـدا یەک ملیۆن و 724 هەزار کارتۆن هەناردە بکەین.''
 
هەر کارتۆنێک 360 هێلکەی تێدایە. بەگوێرەی ئامارەکان، کۆی بەرهەمی رۆژانەی هەرێمی کوردستان 7 ملیۆن و 200 هەزار هێلکەیە. لەو بڕە تەنیا دوو ملیۆن و 520 هەزار هێلکە (7 هەزار کارتۆن) بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆیی بەکاردێت، رۆژانە 13 هەزار کارتۆن کە دەکاتە چوار ملیۆن و 680 هەزار هێلکە، زیادە دەمێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

داهاتی نەوت و گومرگی پێشوەختە بەهای دیناریان بەرامبەر دۆلار دابەزاندووە

کەمبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە عێراق بەهۆی رێکاری نوێی گومرگی پێشوەختە و کەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوەیە، کە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار کورتهێنانی بۆ خەرجی دروستکردووە