رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، لەکاتی کرانەوەی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زیو نزیکەی 4٪، یاخود 2.6 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 75.40 دۆلار.
کیلۆیەک زیویش لە بازاڕەکان بە 2,420 دۆلارە. بەیانیی ئەمڕۆ نرخی زیو ئاستی 76.20 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و سەربازیی ڤەنزوێلا دێت کە ترس و دڵەڕاوکێی لە بازاڕەکاندا دروستکردووە.
رۆژی شەممە هێزەکانی ئەمریکا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیرکرد. ئەم ئاڵۆزییە جیۆسیاسییانە وایکردووە وەبەرهێنەران پەنا بۆ کڕینی کانزا بەهادارەکان ببەن وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ سەرمایەکانیان.
لە لایەکی دیکەوە، بازاڕەکان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکان، بەتایبەتی راپۆرتی رەخساندنی هەلی کار بۆ مانگی کانوونی یەکەم کە بڕیارە رۆژی هەینی بڵاوبکرێتەوە.
ئەم داتایانە کاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر بڕیارەکانی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە سوودی بانکی.
هاوکات چین کە 60% بۆ 70%ی زیوی پاڵاوتەکراوی جیهان بەرهەمدەهێنێت، ئەم ساڵ کۆتوبەندی هەناردەکردنی ئەو کانزایەی سنووردارکردووە.
ساڵی رابردوو بۆ زیو ساڵێکی ناوازە بوو، بە جۆرێک نرخەکەی نزیکەی 150% بەرزبووەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی خستنەڕوو لە بازاڕەکاندا و زیادبوونی خواست لە کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێناندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ